سەردێڕ:

وەزارەتی كاری هەرێم ئاگاداری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەکاتەوە

PM:11:54:13/08/2025

2068 جار خوێندراوەتەوە

كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، لە بەرامبەر پەیوەندیكردن بە خانەوادەی خاوەن پێداویستی تایبەتەكان بەمەبەستی دابینكردنی مووچە، روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، "ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بەشێكە لە فێڵكردن، رێكاری یاسایش لەوبارەیەوە دەگرینەبەر".


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ـی ئابی ٢٠٢٥، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەكی نەناسراو بەناوی چاودێری كۆمەڵایەتی و وەزارەتەکەیانەوە پەیوەندی بە خانەوادەی خاوەن پێداویستی تایبەتەكان دەكات بەمەبەستی دابینكردنی مووچەی كەم ئەندامی و مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی.

هەروەها داوای ناردنی كارتی نیشتیمانی و زانیاری و پێدانی ژمارە و ناوی خەڵكی تر كە خاوەن پێداویستی تایبەت یان نەخۆش یان كەسانی بەساڵاچوویان هەبێت و دواتر بەناوی ئەوانەوە پەیوەندی بەو خانەوادانە دەكات و داوای كارتی مۆبایل و تەحویلكردنی دەكات، كە بەداخەوە ژمارەیەك هاوڵاتی زەرەرمەندی ئەم فێڵكردنە بوونەتەوە.

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەشڵێت، بە هەموولایەك رادەگەیەنن كە ئەوان ئاگاداری ئەم بابەتە نین و ئەمە بەشێكە لە فێڵكردن و ئەوان لەكاتی پێویست لە رێگا فەرمییەكانەوە خزمەتگوزاری و ئاگادارییەكانی بڵاودەکەنەوە، بەرامبەر بەم فێلكردنەی ئەم گروپانەش، رێكاری یاسایی دەگرنەبەر.













گەلەری