کەشناسی هەرێم دەڵێت، خۆڵبارین بەردەوام دەبێت لەکاتەکانی بەیانی زوو لە زۆربەی ناوچەکان، پلەکانی گەرماش یەک بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە و کەشناسی عێراقیش دەڵێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١ـی تەمموزی ٢٠٢٥، کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، خۆڵبارین بەردەوام دەبێت لەکاتەکانی بەیانی زوو لە زۆربەی ناوچەکان، دواتر بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەری خۆڵبارینەکە لاواز دەبێت.
ئاماژەی
بەوەشکرد، خێرای با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و مەودای بینین پێنج بۆ حەوت
کیلۆمەتر دەبێت، پلەکانی گەرماش یەک بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی
دوێنێ.
کەشناسی
عێراقیش دەڵێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە کاریگەری
بارستە هەوایەکی مامناوەندی لەسەرە و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی ئاستی بینین.
دەشڵێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەری خۆڵبارین لاوازتر دەبێت، ئاستی بینینیش باشتر دەبێت و وتیشی، کاریگەری بارستە هەوای مامناوەند بۆ چەند رۆژێکی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیش
چەند رێنماییەكی بۆ چۆنێتیی خۆپاراستن لە كاتی خۆڵبارین بڵاوكردووەتەوە كە بریتین
لە:
١ـ لەكاتی چوونەدەرەوەدا ماسك بەكاربهێنن و
زوو زوو بیگۆڕن.
٢ـ لەكاتی خۆڵباریندا لەماڵەوە بمێنەرەوە و
مەچۆرە دەرەوە.
٣ـ چاویلكە و قەترەی چاو بەكاربهێنە بۆ
پاراستنی چاوەكانت.
٤ـ چاوەكانت بشۆ لەبری خوراندنی چاو.
٥ـ بەباشیی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكەت دابخە.
٦ـ لەكاتی خۆڵباریندا لە پلەی گەرمی بەرزدا
برێكی باش ئاو بخۆرەوە.
٧ـ لە كاتی شۆفێریدا جامەكانی ئۆتۆمبێلەكەت
دابخە.
٨ـ ئەوانەی نەخۆشیی رەبۆیان هەیە بەبەردەوامی
پەمپی ئۆكسجین هەڵبگرن لەژێر رێنمایی پزیشكیدا چارەسەر وەربگرن.