PM:09:30:28/06/2025
3480 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، هەرێم ئەگەر نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکات، ٦١٢ ملیۆن دۆلاری سافی بۆ دەمێنێتەوە و ئەگەریش خۆی بیفرۆشێت، ١٧٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە بۆیە پێویستە هەتا زووە ئەو رێکەوتنانە جێبەجێبکرێن و هەرێم رازی بێت نەوت لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکات و واز لە دزیکردن بهێنێت.
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتی، ئێستا نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ٦٧ دۆلارە، واتە ئەگەر ١٦ دۆلاری بۆ کۆمپانیاکان دیاری بکەین ٥١ دۆلاری سافی بۆ هەر بەریمیلێکی نەوت دەمێنێتەوە، ئەگەر رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بکرێت داهاتی مانگانە دەکاتە ٨٠٤ ملیۆن دۆلار و ٦١٢ ملیۆن دۆلاری سافی دەمێنێتەوە وەکو داهاتی نەوت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر
هەرێمی کوردستان خۆی بیفرۆشێت وەک خۆیان دەڵێن بە ٣٠ دۆلار رۆژانە ٤٠٠ هەزار
بەرمیل بفرۆشن دەکاتە ٣٦٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا ٥٥٪ـی بۆ کۆمپانیاکانە و ٤٥٪ـی
بۆ حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەمێنێتەوە واتە، لەو ٣٦٠ ملیۆن دۆلارە ١٧٠ ملیۆن دۆلاری
بۆ هەرێم دەمێنێتەوە کەواتە ئەگەر هەمان نەوت رۆژانە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت ٦١٢
ملیۆن دۆلاری سافی دەمێنێتەوە و ئەگەر خۆشیان بیفرۆشن ١٧٠ ملیۆن دۆلاری دەمێنێتەوە.
دەشڵێت، پێویستە
هەتازووە ئەو رێکەوتنانە جێبەجێبکرێت و هەرێم رازی بێت نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە
هەناردە بکات و واز لە دزی و قاچخچێتی و گەندەڵی بهێنێت.
وتیشی، ئەوە دڵنایایی
زیاتری مووچەی مووچە خۆران دەکات مانگانە لە کاتی خۆیدا هاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی
عێراق.
باسی لەوەشکرد،
فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە پێویستە ئەو رێکەوتنە جێبەجێبکرێت،
هەرێم لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت و نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت، بۆ
ئەوەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربکرێت.