سەردێڕ:

ئۆفیسى دهۆکى کۆمسیۆن: ١٠ هەزار فەرمانبەرمان پێویستە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان

PM:12:58:28/06/2025

1188 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت، ١٠ لایەنی سیاسیی کوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆمسیۆن ناونووسکردووە، دەشڵێت، پێویستمان بە ١٠ فەرمانبەری سەر سندووقەکانی دەنگدانە، کەچی تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس داواکاریی پێشکەش کردووە.


ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا وتی، لە دهۆک ١٠ لایەنى سیاسى لیستیان پێشکەش کردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە بڕیارە رۆژى ١١ـی تشرینى دووەم ئەنجام بدرێت.

دەشڵێت، لە دهۆک لایەنە سیاسییەکان ٥٩ کاندیدیان هەیە، کە ٤٠ کەسیان پیاوە و ٢١ کەسیان ژنە، دوو کاندیدی سەربەخۆش خۆیان تۆمارکردووە.

باسی لەوەکرد، ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە لیستی ناوی کاندیدان بکرێت بەهۆی ئەوەی ئێستا پشکنین و هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ناوەکان دەکرێت، ئەگەری هەیە ڕێژەی ئافرەتیش زیاد بکرێت، دواتر ناوەکان دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کاندید و لایەنێکی سیاسیی بۆی نییە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات تاوەکو ناوەکان پەسەند نەکرێن و ماوەی دیاریکراو ئاشکرا نەکرێت بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن.













گەلەری