سەردێڕ:

پزیشکیان: وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلمان نەدایەتەوە جەنگێکی گشتگیر روویدەدا

PM:09:00:27/06/2025

1924 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، ئەگەر تاران وەڵامی هێرشەکانی تەلئەبیبی نەدایەتەوە، ناوچەكە رووبەڕووی جەنگی گشتگیری كۆنتڕۆڵ نەكراو دەبووەوە.


ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لەمیانەی پێشكەش كردنی وتارێكی لە كۆڕبەندی یەکێتی ئابوری ئۆراسیا، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران وتی، ئەو هێرشەی كە تەلئەبیب كردیە سەر تاران و دواتریش بە پاساوی هەبوونی چەكی ئەتۆم واشنتن، دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی بەئامانج گرت، ئەگەر وەڵاممان نەبوایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی جەنگێكی كۆنتڕۆڵ نەكراو دەبووەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، كاتێك ئیسرائیل هێرشی كردە سەر تاران، ئێران و ئەمریكا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی وڵاتەكەی لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدابوون، بۆیە پێویستە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە بە ئەو قەوارەیە بگۆڕێت و لەوە زیاتر لێبوردە نەبن.

وتیشی، لە جەنگی ١٢ رۆژەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل توانیویانە هێرشەكانی ئەو وڵاتە تێكبشكێنن و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان گورزێکی قەرەبوو نەکراوەیە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی هەینی ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئیسرائیل یەکەم هێرشی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و دواتریش لە شەوەکەیدا ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری ماوەی ١٢ رۆژی خایاند، لەو ماوەیەدا بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون.













گەلەری