سەردێڕ:

ئەمڕۆ وادەی تۆمارکردنى لیستی ناوی کاندیدەکان کۆتایی دێت

PM:12:55:26/06/2025

1164 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ وادەی تۆمارکردنى لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، وادەکە درێژناکرێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای گفتووگۆی ئەنجومەنی کۆمسیاران و داواکاریی بە درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنى لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام وادەکە درێژناکرێتەوە.

تۆمارکردنی لیستی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکە لە ٢٥ـی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و بە گوێرەی کۆمیسیۆن ئەمڕۆ ٢٦ـی حوزەیران دوا وادەیە.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستە چەند مانگێکە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە.

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە ٢٥ـی ئازارەوە پرۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى دەستپێکردووە، نزیکەی دوو ملیۆن دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە.

هەروەها ماوەى مانگێکە تۆمارکردن و وەرگرتنی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەستیپێکردووە بڕیارە تا ٩ـی تەممووز بەردەوام بێت، بە وتەی عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمسیۆن پێویستی بە ٣٠٠ هەزار کارمەندە لەکاتێکدا تا ٢٤ـی ئەم مانگە زیاد لە ٥٢٢ هەزار کەس داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان.

زۆرترین داواکاری لە پارێزگای نەینەوایە، کە ٢٠ هەزار و ٧٦٠ کەس داواکارییان پێشکەشکردووە، کەمترین داواکاریش لە پارێزگای موسەننا بووە، کە تەنها نۆ هەزار و ٩٨٧ کەس داواکارییان پێشکەشکردووە.

هاوکات لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، زۆرترین داواکاری لە شاری سلێمانی بووە کە ٢٨ هەزار و ٧٩٥ کەس بووە، دواتر شاری هەولێر دێت، کە ٢٥ هەزار و ٨٠٣ کەس داواکارییان بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان پێشکەشکردووە و دهۆکیش ١٨ هەزار و ١٥٧ کەس بووە.













گەلەری