سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر لە داهاتوودا ئێران دووبارە بنکەی ئەتۆمی دابمەزرێنێتەوە و دەستبکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوا ئەمریکا دووبارە هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی کەناڵی فۆکس نیوز لەبارەی ئەگەری دووبارە پیتاندنی یۆرانیۆم لە داهاتوودا لەلایەن ئێرانەوە وتی،" بە دڵنییاییەوە، دووبارە هێرش دەکەینەوە سەر بنکەکانیان".
سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەشکرد، فڕۆكە
جەنگییەكانی ئەمەریكا ٣٠ مووشەكیان ئاڕاستەی هەریەك لە دامەزراوەكانی فۆردۆ،
نەتەنز و ئەسفەهان كردووە، توانیویانە بەتەواوی شوێنەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە
ئێران خاپور بكەن و ئێستا وێستگەكانیان لە كاركەوتون.
وتیشی، راگەیاندنەكانی ئەمەریكا درۆزنن و دەیانەوێت گومان بخەنە سەر
هێرشەكانی ئەمەریكا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانییەكان و لە بایەخی كەم
بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد،
هێرشەكانیان بۆسەر ئێران بە فڕۆكەی (B2) ئەنجامداوە و دڵنیابوونەتەوە كە
دامەزراوەی فۆردۆ خاپوربووە.
باسی لەوەشکرد، لە بەرامبەر پێشێلكارییەكانی ئێران بۆ ئاگربەست، (52) فڕۆكەی
ئیسرائیل بەڕێوەبوون بۆ هێرشكردنە سەر تاران، بەڵام داوای لێكردوون بگەڕێنەوە.