سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ دەستەبەرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەن، لە دانیشتنی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکە لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند، هیوادارن رێککەوتنی ئاگربەستەکە بەهێز و یەکگرتوو بێت.
وتیشی، "ئێمە
بە ئیدانەکردن و رەتکردنەوەی دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و
هەوڵی بە ئەنقەست بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، هەڵوێستی عێراقمان
دووپاتکردەوە".
ئاماژەی
بەوەشکرد، "ئێمە بەشێوەیەک مامەڵەمان لەگەڵ رووداوەکان کردووە، کە
بەرژەوەندیی گەلی عێراق لە پێشینەی کارەکاندا بێت، ئەمەش هەڵوێستی خوازراوی هەموو
لایەکە".
سەرۆک وەزیرانی
عێراق وتیشی، "هێزە چەکدارەکانمان و بەرگرییە ئاسمانییەکانمان، بە خێرایی
وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و فڕۆکە هێرشبەرەکانیان خستەخوارەوە".
سودانی باسی لەوەشکرد،
"فەرمانمانداوە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر، بە سەرکردایەتیی دەزگاکانی هەواڵگری و
تەکنیکی بکرێت بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی هێرشی درۆنەکە و بۆ ئەم مەبەستەش،
حکومەتەکەمان پلانێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ دەستەبەرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی،
هەروەها کۆمەڵێک گرێبەست و پرۆژە لەئارادان، بۆ تەواوکردنی کارەکانی دروستکردنی
سیستمی بەرگریی ئاسمانی".