سەردێڕ:

دوای ١٢ رۆژ جەنگ؛ ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکرد

AM:08:54:24/06/2025

2508 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی پەخشی ئیسرائیل دەڵێت، ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت، ئێرانیش هێرشەکانی رادەگرێت و سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، ئێستا ئاگربەستەکە کارا بووە، تکایە پێشێلی مەکەن.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی ئیسرائیل وەزیرەکانی لە راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ئاگادار کردەوە و عه‌باس عێراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش دەڵێت، ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت ئێران له‌ به‌رانبه‌ردا هیچ نیازێکی نییە درێژە بە هێرشەکانی بدات.

هەرەوەها، کەناڵی ١٣ـی ئیسرائیل وتی، دوای ١٢ رۆژ جەنگ رێککەوتننامەی ئاگربەستی تاران ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

عێراقچیش دەڵێت، ئەوە وتراوە ئیسرائیل کاتژمیر ٤ـی بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ هێرشه‌كانی دژی ئێران رادەگرێت، ئێران له‌ به‌رانبه‌ردا هیچ نیازێکی نییە درێژە بە هێرشەکانی بدات، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی رابگرێت، ئێرانیش هێرشەکانی رادەگرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی هەینی ١٣ـی حوزەیران، ئیسرائیل یەکەم هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و ئێرانیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و هێرشە موشەکیەکانیان بۆ سەر یەکتری تا درەنگانی دوێنێ شەوی رابردوو ٢٣ـی حوزەیران بۆ ماوەی ١٢ رۆژ بەردەوام بوو، هەر لە درەنگانی دوێنێ شەودا دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئێران و قەتەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تروس سۆشیال رایگەیاند، "پیرۆزە لە هەموو لایەک، ئیسرائیل و ئێران، بەتەواوی لەنێوانیاندا رێککەوتن کراوە کە ئاگربەست ئەنجامبدرێت".













گەلەری