سەردێڕ:

پوتن بۆ سودانی: ستایشی هەوڵەکانی عێراق دەکەین بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ

PM:05:10:23/06/2025

1220 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، گفتوگۆیان کرد لەبارەی هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق بەکارهێنانى ئاسمانى عێراقی بۆ هێرشەکان رەتکردەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا پەیوندییەکی تەلەفۆنییان لەبارەی دواین رووداوە هەرێمی و جیهانییەکان ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، عێراق بە روونی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر ئێران رەتکردووەتەوە و باسی لەو هەڵکشانە مەترسیدارە کردووە، بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران درووستبووە.

هەروەها لە لای خۆیەوە سەرۆکی رووسیا لەمیانی پەیوەندییەکەدا جەختی لە گرنگی کۆتاییهێنان بە پەرەسەندن و ئەو هەوڵە تایبەتانە کردەوە کە سودانی لەم چوارچێوەیە داوێتی، لەهەمان کاتدا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ لەرێگەی رەتکردنەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر ئاسمان و سەروەری عێراقی، هەروەها پوتن پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بەبۆنەی سەرکەوتنی عێراق لە میوانداریکردنی لوتکەی عەرەبی و جەختی لەسەر بانگهێشتەکەی بۆ عێراق کردەوە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی رووسیا عەرەبی، کە بڕیارە لە ١٥ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت.

هاوکات هەر بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کۆشکی کرێملن، لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانن خۆى دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەو گرژییەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهان دروستبووە.













گەلەری