سەردێڕ:

شەوی رابردوو چی روویدا؟

AM:08:29:23/06/2025

18008 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو سوپای پاسداران وتی، چەند موشەکێکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە و گەیشتوونەتە تەلئەبیب و ناوەندی شارەکەیان هەژاند، سوپای ئیسرائیلیش وتی، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە موشەکییەکان و ژێرخانی سەربازیی لە رۆژئاوای ئێران، کە دەکەونە باشووری رۆژئاوای شاری تەورێز.


درەنگانی شەوی رابردوو، سوپای پاسداران رایگەیاند، چەند موشەکێکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە و سوپای ئیسرائیلیش وتی، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە موشەکییەکان و ژێرخانی سەربازیی لە رۆژئاوای ئێران.

هەروەها، لەسەرتاسەری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و سوپای ئیسرائیل وتی، ئێران شەپۆلێکی دیکەی هێرشی موشەکی دەستپێکرد و داوا لە خەڵکی کرا روو لە حەشارگەکان بکەن.

هاوکات، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردەسەر چەند ناوچەیەکی ئێران و لە تاران دەنگی تەقینەوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەچدانەوەی فڕۆکەکان کەوتنە کار.

سوپای پاسدارانیش وتی، ٢٠ فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠ ئامانجیان لە کرماشان، هەمەدان و تاران بۆردومان کردووە، کە لە هێرشەکاندا کۆگای موشەک و سەکۆی هەڵدان لەگەڵ سیستەمی رادار، ناوەندی چاودێری مانگی دەستکردیان لەناوبردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ١١ رۆژە هێرشە موشەکییەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری بەردەوامە و دوێنێش ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر هەرسێ بنکەی ئەتۆمی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان کرد.













گەلەری