سەردێڕ:

کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش دەستیپێكرد

AM:12:06:23/06/2025

2640 جار خوێندراوەتەوە

کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێداچوونەوە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستیپێکرد و سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە "پەرەسەندی دۆخەكە" دەدات و بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دەڵیت، "رادەی زیانەكانی هێرشەكەی ئەمریكا نازانین".


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەرەتای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئایایش هۆشداریی دا لە "سووڕێکی دیکەی لەناوچوون" و تۆڵەسەندنەوە دوای هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.

ئاماژەی بەوەشكرد، چەندین جار سەركۆنەی هەر جۆرە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردوە و خەڵکی ناوچەکە توانای خولێکی دیكەی لەناوچونیان نییە. هەروەها مەترسی دوبارەبونەوەی تۆڵەسەندنەوە، هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

لای خۆشیەوە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بە دۆخی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێران کرد و رایگەیاند، هەرچەندە شوێنەواری بۆمبەکان بە شاخی سەرووی دامەزراوەکە دیارن، بەڵام هیچ لایەنێک بە ئاژانسەکەشەوە لە دۆخێکدا نییە هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی بەشەکانی ژێر زەوی بکات.

هاوکات نامەی داواکاریی ئێران لە لایەن ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشكەشكرا و جەختی لەوەکردەوە کە ئەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر هەموویان لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدان.
نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشكردووە، ئەو کارەی ئەمریکا، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، یاسای ئاژانسەکە و چەندین بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.













گەلەری