سەردێڕ:

عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران راگەیاند

AM:11:20:22/06/2025

1592 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران ده‌كات و دەڵێت، ئەم هەڵکشانە سەربازییە مەترسییەکی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، عێراق نیگەرانیی قوڵی خۆی دەردەبڕێت و بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناو خاکی ئێران شەرمەزاردەکات.

وتیشی، ئەم هەڵکشانە سەربازییە مەترسییەکی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات و سەقامگیریی ناوچەکە بەشێوەیەکی جددی دەخاتە مەترسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا رەتدەکاتەوە و داوای رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و بەئامانج نەگرتنی دامەزراوە گرنگەکانیان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدان و بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاردەهێنرێن.

روونیشیکردەوە، بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسییەکان و دەرئەنجامەکەی کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و هەموو جیهان دەبێت.

باسی لەوەشکرد، عێراق لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، داوای دەستبەجێی هێورکردنەوە و کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی بەپەلە دەکات بۆ لەخۆگرتنی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی قەیرانەکان، بەشێوەیەک ئاسایشی هاوبەش دەستەبەر بکات و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بگرێت.

حکومەتی عێراقیش بڵاویکردەوە، دەبێت وڵاتانی زلهێز بەرپرسیاریەتیی رزگارکردنی جیهان لە قەیرانی زیاتر بگرنە ئەستۆیان، نەک خراپتر کردنی بارودۆخەکە.













گەلەری