دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەم پێشێلکاریانەی ئەمریکا لێکەوتەی قورسیان دەبێت و هەموو بژاردەیەک هەڵدەبژێرێت لە پێناو بەرگریکردن لە سەروەریی وڵاتەکەی. نوێنەری رێبەری ئێرانیش دەڵێت، " ئێستا نۆرەی ئێمەیە"، سوپای ئێرانیش جەختی لەوەکردەوە، هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێشێلکارییەکی جددیی لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ئەنجامداوە.
وتیشی، هێرشەکانی
ئەم بەیانییە لەلایەن ئەمریکاوە لێکەوتەی قورسیان دەبێت و بەپێی پەیماننامەی
نەتەوە یەکگرتووەکان، رێگە بە هەر وڵاتێک دەدرێت وەڵامدانەوەی رەوای هەبێت و
بەرگری لەخۆی بکات، ئێرانیش هەموو بژاردەیەکی لەبەردەمدایە بۆ بەرگریکردن لە
سەروەریی خۆی.
لە هەمانکاتتدا، حوسێن
شەریعەتمەداری، نوێنەری رێبەری ئێران و بەڕێوەبەری رۆژنامەی کەیھان، بڵاویکردەوە،
"ئێستا نۆرەی ئێمەیە بەبێ بەفیڕۆدانی کات و وەک یەکەم هەنگاو، کەشتییەکانی دەریایی
ئەمریکا لە بەحرەین مووشەکباران بکەین".
نوێنەری رێبەری ئێران
ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویستە گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکانی ئەمریکی، بەریتانی،
ئەڵمانی و فەرەنسیدا دابخەن.
سوپای ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی توند لە ئەمریکا
دەکات و دەڵێت، هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەنە
ئامانج و پێویستە ئەمریکا چاوەڕێی سزای توند بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وتەبێژی کۆشکی سپی چەند رۆژی رابردوو رایگەیاندبوو کە ترەمپ لە ماوەی دوو هەفتە بڕیاردەدات کە بەشداربێت لە شەڕەکە یان نا، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج.