وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فەرماندەی فەیلەقی فەڵەستینی سوپای پاسدارانیان لە قوم كوشت، بە پێی زانیارییەکان، پێشتر ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دابوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ سوپای ئیسرائیل وتی، شەوی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە فەرماندەی یەکەی دووەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی لە سوپای پاسدارانی ئێرانیان کوشتووە و سەعید ئیزدی، فەرماندەی فەیلەقی فەڵەستینی سوپای پاسدارانیشیان لە شوقەكەی خۆی لە قوم كوشت.
بە پێی راپۆرتە
فەرمییەکان، محەمەد سەعید ئازادی، ئەو كەسەی شەوی رابردوو ئیسرائیل لە شاری قوومی
ئێران كوشتی، پێشتر ئەمریكا داوای لە دەزگا ئەمنییەكان كردبوو کە ئەو کەسە بە
ئامانج بگرێت.
پێش چەند
ڕۆژێك، سەرچاوەیەكی ئەمریكی بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریكا، داوای لە دەزگای
هەواڵگریی وڵاتەكەی(C.I.A) كردووە، هەموو هەوڵە هەواڵگرییەكانیان بخەنە گەڕ،
بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسی دۆسیەی فەڵەستین لە سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی ئێران.
فەرماندەکە لەدایکبووی
ساڵی ١٩٦٤ـە و بەرپرسی دۆسیەی فەڵەستین بووە لە سوپای قودسی سەر بە سوپاس پاسداران،
سەرپەرشتیی هەموو هاوكارییە سەربازی و دارایییەكانی بۆ گرووپە فەڵەستینییەكان
كردووە، هەروەها لە كەرتی غەززە، سوریا، لوینان، ئوردن و میسڕ کاری کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٣ی حوزەیران، ئیسرائیل
هێرشەکانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکرد و چەندین سەرباز و زانای
ئەتۆمیش کوژران، هەمان شەو ئێران هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و هەڵوێستی هەر یەک لە
ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی دراوسێ جیاوازبوو، شەڕی هەردوو وڵات تا ئێستاش
بەردەوامە.