سەردێڕ:

وردەکاری کوژرانی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران

AM:10:46:21/06/2025

3252 جار خوێندراوەتەوە

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی وردەکاری کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، زاناکان بە بەکارهێنانی چەکی تایبەت کوژراون.


لە بەرەبەیانی هەینی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کردە ئامانج، چەندین فەرماندەی باڵا و زانای ئەتۆمی کوژران.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی دەڵێت، ئەو بەیانییە ٩ لە ١٠ زانای سەرەکی ئێرانی لە یەک کاتدا، لە کاتی خەوتنیان لەسەر جێگاکانیان، بە بەکارهێنانی چەکی تایبەت کوژران و دوای ماوەیەکی کەم، دەیەمین زانای ئەتۆمی کوژراوە، هۆکاری سەرەکی ئەم جۆرە هێرشکردنە ئەوە بووە کە کەسیان ئاگادار نەکرێنەوە و بەزووترین کات بکرێنە ئامانج.

وتیشی، ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی ئیسرائیل بریتی بوو لە هێرشکردنە سەر بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران و بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، لەگەڵ لەناوبردنی سەرکردە باڵاکانی سەربازی ئێران.

لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە باسی لەوەشکرد، زانا ئەتۆمییەکانی دیكه‌ش، لە کاتێکدا کە لە دوای کارەکانیان بەرەو ئۆتۆمبێلەکانیان دەڕۆیشتن، کوژراون.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل ساڵانێکە پلان و بەرنامەی کوشتنی ئەم زنایانە داناوە و ئەو دە کەسەی هەفتەی رابردوو کوژراون، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووه‌وه‌ چاودێری كراون به‌ مه‌به‌ستى كوشتنیان.

کەناڵەکە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیل زیادی کرد، بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانیان بە گرنگترین دەستکەوت لەم هێرشەدا دادەنێن.

 













گەلەری