سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، کۆی داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، عومەر واعیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق وتی، بەندەرەکانی سنووری و گومرگ و بەڕێوەبەرایەتییەکانیان شاهیدی زیادبوونی بەرچاوی داهاتی گومرگی بوون و مانگی ئایاری ئەمساڵ داهاتی ٢٧٤ ملیار دیناری بەدەستهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی داهاتەکانی پێنج مانگی یەکەمی
ئەمساڵ یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، بەراوردکردنی ئەو داهاتانە لەگەڵ پێنج مانگی
یەکەمی ساڵی پێشوودا، زیادبوونێکی بەرچاوی هەیە.
وتیشی، داهاتەکانی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو
٧٠٠ ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٣ـدا دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دینار.
ئەوەشی خستەڕوو، گەیشتن بە یەک ترلیۆن دیناری عێراقی
لە پێنج مانگی یەکەمدا لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی زۆرترین داهاتدا هات کە لەسەر بنەمای
رێنماییەکانی حکومەت و رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی ئۆتۆماتیکی لە بەندەرەکان و
چالاککردنی سیستەمی حوکمڕانی لە دەسەڵاتی گشتی گومرگەکاندایە.