هەموومان دەزانین جگەرە کێشان خراپە، مەترسی بۆسەر ژیان هەیە و زۆرێک لە وڵاتان و رێکخراوەکان داوا لە خەڵک دەکەن بۆ وازهێنان لێی، بەڵام زۆر کەم دەزانن کە هەندێک خووی رۆژانە هەن نەک هێندەی جگەرە بەڵکو لەوانەیە مەترسیدارتربن بۆ تەندروستی.
رۆژنامەی The Gaurdian بەریتانی لە بابەتێکی تەندروستیدا بڵاویکردووەتەوە، زانایان کۆمەڵێک خووی رۆژانەیان ئاماژەپێداوە، بە ئەندازەی جگەرە یان زیاتر زیان بە تەندروستی جەستە دەگەیەنن، بەم جۆرە:
١. تەنیایی:
"جولیان هۆلتلوندستاند" مامۆستای دەروونی لە زانکۆی "برینگهام یەنگ" ئاشکرایکردووە، تەنیایی تەمەنی مرۆڤ کەم دەکاتەوە و یەکسانە بە خواردنی ١٥ جگەرە لە رۆژێکدا.
٢. دانیشتن بۆماوەیەکی زۆر:
توێژینەوەیەک لەساڵی ٢٠١٤ دا کراوە، دەرکەوتووە ئەوانەی بۆماوەیەکی درێژ دادەنیشن مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاد دەکات، توێژینەوەکە داتای ملیۆنەها کەسی دەرخستووە کە زۆربەی کات دادەنیشن، تەماشای تەلەفیزۆن دەکەن و ئیش دەکەن.
ئەوەش ئاشکراکراوە، هەموو دوو کاتژمێر جارێک دانیشتن کەسەکە مەترسی تووشبوونی بە نەخۆشی کۆڵۆن، شێرپەنجەی سییەکان و ناوپۆشی منداڵدان زیاد دەکات.
٣. کەمخەوی:
ڤالیری گافارۆڤ مامۆستای زانکۆ و ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵی ٢٠١٥ ئاشکرایکردووە کەمخەوی مەترسی نەخۆشییەکانی جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات و وەک جگەرەکێشان وایە.
٤. نەشتەرگەری جوانکاری تایبەت بگۆڕینی رەنگی پێست:
ساڵی ٢٠١٤ توێژەران توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە ئەوانەی نەشتەرگەری جوانکاری دەکەن بەئامانجی گۆڕینی رەنگی پێستیان ئەوا زووتر تووشی شێرپەنجەی پێست دەبن وەک لەوانەی جگەرە دەکێشن و تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەبن.
٥. خواردنی خۆراکی خراپ:
توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٦ ئاشکرایکردووە، رێژەی مردنی ئەوانەی خۆراکی خراپ دەخۆن رێژەی مردنی زۆر وەرگرتنی مادە کهولییەکان، تۆباکۆ، مادە هۆشبەرەکانی تێپەڕاندووە و زیاتر بووە.