سەردێڕ:

حکومەتی عێراق ٣ ملیۆن ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمی ناوخۆی کڕیووە

PM:04:05:07/06/2025

4256 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژی ١٠ی ئەم مانگەوە وەزارەتی بازرگانی عێراق دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەكات، هێشتا وەرزی دروێنەی ئەمساڵ كۆتایی نەهاتووە، ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی وەرگرتووە.


ئەمڕۆ شەممە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی دانەوێڵە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشبینی ئەوە دەكات ئەمساڵ لەنێوان ٤.٥ بۆ ٥ ملیۆن تۆن گەنم وەربگرێت، تا ئێستا ٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن وەرگیراوە.

وتیشی، لە پارێزگانی ناوەڕاست و باشوری عێراق لە بەغدادەوە تاوەكو بەسرە تاوەكو رۆژی ٩ی ئەم مانگە دروێنە و پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆتایی دێت، جگە لە چەند شوێنێك كە رۆژێك یان دوو رۆژی زیاتریان پێدەدرێت، ئەمەش بەگوێرەی ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی كە چاوەڕوانی بەتاڵكردنەوەی گەنمەكانیان دەكەن.

وەزارەتی بازرگانی عێراق ئێستا لە پارێزگاكانی بەغداد، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە، كەركوك، نەینەوا بەردەوامە لە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و بڕیارە لە ١٠ی ئەم مانگەوە پرۆسەكە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش دەستپێبكات.

بڕی ئەمباركراو و وەرگیراوی گەنم تاوەكو رۆژی پێنج شەممەی رابردوو واتا رۆژێك بەر لە جەژن بریتی بووە ٣.٤ ملیۆن تۆن، ئەمە لەپاڵ دوو ملیۆن تۆنی ساڵی رابردوو، واتا بە تێكڕا بڕی ٥.٤ ملیۆن تۆن گەنم ئێستا لە ئەمبارەكانی وەزارەتی بازرگانی عێراقدایە، کە دەگاتە ئاستی بژێوی ناوخۆ.













گەلەری