سەردێڕ:

مەڕاسیمی یەکەم رۆژی جەژن لە شارە جیاوازەکانی هەرێم بەڕێوەچوو

PM:08:01:06/06/2025

1644 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ مەڕاسیمەکانی یەکەم رۆژی جەژن لە شارە جیاوازەکانی هەرێم بەڕێوەچوو، دابەشنەکردنی مووچە کاریگەریی لەسەر جەژنەکە دروستکردبوو و بەهۆیەوە هاوڵاتییان جەژنێکی ساردوسڕیان بەڕێکرد.


ئەمڕۆ هەینی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، مسوڵمانانی هەرێم و جیهان دواى بەرێکردنى نـۆ رۆژ لە رۆژە پیرۆزەکانی ئاینی ئیسلام و بە قوربانیکردن و گەردن ئازادى یادى دەکەنەوە و ئەو رۆژە بە سەردانى کەسوکار و پاککردنەوەى دڵەکانیان لە یەکتر بەڕێدەکەن.

یەکێک لە مەڕاسیمەکانی جەژنی قوربان حەجکردنی ماڵی خودایە، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی حەجی سعودیە، زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی، فەریزەی حەجی ئەمساڵیان ئەنجام داوە ، کە زیاتر لە ٣٤ هەزاریان خەڵکی عێراقن و لەو ژمارەیەش نزیکەی پێنج هەزاریان خەڵکی هەرێمن.

بەپێی ئەوەی کە لە ئایەتە قورئانییەکاندا هاتووە، کاتێک لە ڕێگەی خەونێکەوە، خودا پێغەمبەر ئیبراهیمی تاقیکردەوە و فەرمانی پێدا کە ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی، ئەویش هەوڵیدا فەرمانەکەی خودا بەجێبگەیەنێت و خەوەکەی بۆ ئیسماعیلی کوڕی گێڕایەوە و کوڕەکەشی رازی بوو کە بکرێتە قوربانی، دواتر پێکەوە ویستیان بڕۆنە شوێنی قوربانییەکە و لە رێگادا چەندین جار چەند رووداوێک روویاندا و هەوڵیاندا بۆ ئەوەی پەشیمانیان بکەنەوە، بەڵام سووربوون لەسەر بڕیارەکەیان.

بەپێی ئایاتەکان، کاتێک پێغەمبەر ئیبراهیم ویستی کوڕەکەی بکاتە قوربانی، دواتر خودا پێی دەڵێت، ئەی ئیبراهیم تۆ لە تاقیکردنەوەکەتدا سەرکەوتوو بوویت، دواتریش لەبری ئیسماعیل خودا لە ئاسمانەوە مەڕێکی ناردە خوارەوە و ئیبراهیمیش لە جیاتی ئیسماعیل مەڕەکەی سەربڕی.

ئەو رووداوەش وەکو شۆڕشێک لە مێژوووی مرۆڤایەتی و وەرچەرخانێک بۆ ئەو سەردەمە ناودەبرێت، بەوەی لە دوای ئەو رووداوە خەڵک لە جیاتی کردنەقوربانی منداڵەکانیان، ئاژەڵەکانیان کردە قوربانی.

ئێستا ساڵانە لە وەرزی حەجدا و کاتێک حاجیان سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیەکانیانن، هەموو بێ جیاوازی ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لەو رۆژەی کە تێدا پێغەمبەر ئیبراهیم لە تاقیکردنەوەکەیدا سەرکەوتوو بوو.

رۆژی قوربانیەکەش دیاریکراوە و دەکەوێتە رۆژێک دوای ٩ی زولحەججە، کە حاجیان لەو رۆژەدا لە کێوی عەرەفە دەوەستن و گرنگترین پایەی حەجی تێدا بەجێ دەگەیەنن، کاتێک دەچنە دەیەم رۆژی زولحیجەوە جەژنی قوربان دەکەنەوە.

هەر لەو رۆژەدا کە پێی دەوترێت جەژنی قوربان، مەڕ و بەشێکی ئەو ئاژەڵانەی خواردنیان حەڵاڵە دەکرێن بە قوربانی و بەسەر هەژاران و کەمدەرامەتاندا دابەشی دەکەن، تا سفرەیەکی رازاوە و کاتێکی لەیاد نەکراو بەسەر ببەن، بۆیە لە زۆرینەی وڵاتان پێیدەوترێت رۆژی قوربانیکردن یاخود جەژنی قوربانی.

لە کوردستان و ناوچە کورد زمانەکانیشدا بە جەژنی قوربان دەناسرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا بە هەریەک لە جەژنی گەورە و جەژنی حاجییەکانیش ناودەبرێت.

 













گەلەری