PM:03:28:06/06/2025
1956 جار خوێندراوەتەوە
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێکی هاوبەشی بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا ئەنجامدا و داواش لە هاوڵاتییان دەکات پابەندی بڕیارەکانی قایمقامییەت و شارەوانی ببن و خۆیان لە تاوانەکردن و رێکاری یاسایی بپارێزن.
ئەمڕۆ هەینی ٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، هەردوو بەشی خزمەتگوزاریی و زیادەڕەویی سەرۆکایەتیی شارەوانیی بە هەماهەنگی لیژنەکانی قایمقامیەت و هێزەکانی ناوخۆ، هەڵمەتێکی چڕ بۆ رێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا بەمەبەستی ئەنجامدانی قوربانی ئەنجامدرا.
ئاماژەی
بەوەشکرد، ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە پێشوەختە هاوڵاتییان
ئاگادارکراونەتەوە کە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقام و کۆڵان و ناوماڵەکاندا بە هەموو
شێوەیەک رێگەپێدراو نییە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی شار لە بڵاوبوونەوەی
پاشماوە و بۆنی ناخۆش هەروەها گرتنەبەری رێکاری تەندروستی بۆ پاراستنی تەندروستی
هاووڵاتییان دژی بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون.
ئەوەشی
خستەڕوو، بە درێژایی رۆژانی جەژن ئەم جۆرە هەڵمەتانە لەلایەن تیمەکانی سەرۆکایەتیی
شارەوانییەوە بەردەوامی دەبێت، هەروەها شارەوانی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان و
خێردۆستان دەکات پابەندی بڕیارەکانی قایمقامییەت و شارەوانی ببن و خۆیان لە
تاوانەکردن و رێکاری یاسایی بپارێزن، بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە و تەندروستیی
هەموو هاوڵاتییان خۆیان لە ئەنجامدانی ئەو کارە بەدووربگرن، ئەو ئاژەڵانەشی
دایانناوە بۆ قوربانیی لەکوشتارگەکان لەژێر سەرپەرشتی تیمەکانی تەندروستی و
دکتۆرەکانی ڤێرتەرنەری سەرببڕدرێن.