سەردێڕ:

حاجییان بەردەوامن لە بەجێگەیاندنى رێوڕەسمەکانى حەج

AM:11:14:06/06/2025

1408 جار خوێندراوەتەوە

حاجییان بەردەوامن لە بەجێهێنانى رێوڕەسمەکانى حەج و لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە یەکێکى دیکە لە ئەرکە سەرەکییەکانى حەجیان دەستپێکردووە کە بریتییە لە بەردبارانکردنى شەیتان لە دۆڵى مینا.


ئەمڕۆ هەینی ٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە کە یەکەم رۆژى جەژنى قوربانە، حاجییان روویان لە دۆڵى مینا کردووە بۆ بەجێهێنانى ئەرکى بەردبارانکردنى شەیتان لەو سێ دیواربەندەى لە دۆڵى مینا دروستکراون و بە بەردبانکردنى گەورە ناسراوە.

دواى بەردبارانکردنى شەیتان لە دۆڵى مینا، حاجییان پایەکی دیکەى حەج بەجێدەهێنن کە بریتییە لە قوربانیکردن و سەربڕینى ئاژەڵ، دواتریش ئەرکى سەرتاشین و کورتکردنەوەى موو بەجێدەهێنن و دەچن بۆ سوڕانەوە بە دەورى کەعبەدا، لە کۆتا رێوڕەسمەکانیش حاجییان جارێکى دیکە شەیتان بەردباران دەکەنەوە و سوڕانەوەى ماڵئاوایی بە دەورى کەعبەدا بەجێدەهێنن.
ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ، زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار حاجى، بە مانەوەو نوێژکردن لەسەر کێوى عەرەفات گەورەترین پایەى حەجیان بەجێهێنا، ئێوارەکەشى بۆ پشوو وەرگرتن روویانکردە موزدەلیفە کە دەکەوێتە نێوان کێوى عەرەفات و مینا.

وەزیرى تەندروستیی سعودیەش باسی لەوەکردبوو، بەهۆى بەرەو پێشبردنى ژێرخانى دامەزراوەکان و بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا، ئەمساڵ رێوڕەسمەکانى حەج بە شێوەیەکى رێکوپێک بەڕێوەدەچن و ژمارەیەکى کەمى حاڵەتەکانى تەندروستى بەهۆى بەرزى پلەکانى گەرماوە هەبووە.













گەلەری