سەردێڕ:

هێڵی ئاسمانی عێراقی له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی گه‌شته‌كانی بۆ ئه‌وروپا هاته‌ده‌نگ

PM:05:18:05/06/2025

2108 جار خوێندراوەتەوە

هێڵی ئاسمانی عێراقی دەڵێت، عێراق لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە لە لیستی قەدەغەکردنی ئەوروپادایە، ئەو لیستە هەموو هێڵە ئاسمانییەکان دەگرێتەوە کە لە عێراق تۆمارکراون نەک تەنها هێڵی ئاسمانی عێراقی، ده‌شڵێت، هەڵگرتنی قەدەغەی گه‌شتی ئەوروپا پێویستی بە بوونی چەند هۆکارێک هەیە، کە هەندێکیان دەچنە دەرەوەی بازنە و کاری کۆمپانیاکەیه‌.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، هێڵی ئاسمانی عێراقی له‌ روونکردنەوەیەکدا لەبارەی درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەوروپا وتوویەتی، قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان هەموو ئەو هێڵە ئاسمانییە دەگرێتەوە کە لە عێراق تۆمارکراون، نەک تەنها هێڵی ئاسمانی عێراقی، کارەکان بەپێی مەرج و ستانداردەکانی دەزگای سەلامەتی فڕۆکەوانی یەکێتی ئەوروپا (EASA) بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە بەردەوامن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بە رۆحی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی روونی دەکەینەوە کە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە لە لیستی قەدەغەکردنی ئەوروپادایە، ئەو لیستە هەموو هێڵە ئاسمانییەکان دەگرێتەوە کە لە عێراق تۆمارکراون نەک تەنها هێڵی ئاسمانی عێراقی.

هێڵی ئاسمانی عێراقی ده‌شڵێت، لەم چوارچێوەیەدا کۆمپانیاکەیان بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی بۆ دەستپێکردنەوەی گه‌شته‌ ئاسمانییەکانی بۆ ئەوروپا، لە رێگەی بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ مۆدێرنکردنی پرۆسەکانی کارکردنی بەپێی ستاندارد و پێداویستییەکانی دەزگای سەلامەتی فڕۆکەوانی یەکێتی ئەوروپا .

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، هەڵگرتنی قەدەغەی گه‌شتی ئەوروپا پێویستی بە بوونی چەند هۆکارێک هەیە، کە هەندێکیان دەچنە دەرەوەی بازنە و کاری کۆمپانیاکە و لایەنەکانی دیکە لە چوارچێوەی پێکهاتەی کەرتی فڕۆکەوانی لە عێراقدا دەگرێتەوە.
هێڵی ئاسمانی عێراقی روونیكردووه‌ته‌وه‌، دەستیکردووە بە پڕۆژەیەکی گرنگی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی(IATA) بە ئامانجی بەدەستهێنانی بڕوانامەیIOSA، کە هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو شایستەبوون بۆ بڕوانامەی بەڕێوەبەری لایەنی سێیەم (TCO)، تا ئێستا کۆمپانیاکە رێژەیەکی پێشکەوتووی بەدەستهێناوە کە لە ٧١٪ـی پێداویستییەکانی بڕوانامەی IOSA تێپەڕاندووە، دەستکەوتێک کە لە ماوەی دیاریکراودا و بەپێی پلانە تەکنیکییە پەسەندکراوەکان بەدەستی هێناوە.













گەلەری