سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق: پێویستە رادەستکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە

AM:09:05:05/06/2025

7568 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، پێویستە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم پابەند بێت بە دەستوور و دەستبەجێ رادەستکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە و وتیشی، قاچاغکردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق بەردەوامە و حکومەتی ماوەبەسەرچوو لێی بەرپرسیارە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێویستە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم پابەندبێت بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکان، لەوانەش یاسای بوودجەی گشتی.

وتیشی، یاسای بوودجەی گشتی حکومەتی ماوەبەسەرچوو پابەند دەکات بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانییەوە بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و دواتر پڕکردنەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر نوسراوی فەرمی و شاندیان ناردووە بۆ حکومەتی ماوەبەسەرچوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بەڵام ئەوان هیچیان لە بارەوە نەکردووە.

باسی لەوەشکرد، پێویستە دەستبەجێ رادەستکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە کە لە یاسای بوودجەی گشتیدا ئاماژەی پێکراوە و بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەرچووە.

جەختی لەوەشکردەوە، حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە هۆی پابەندنەبوونی بە دەستوور و رادەستنەکردنی نەوت، عێراق دووچاری قەیرانی دارایی دەکاتەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە نەوتییەکانی دەخاتە مەترسییەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دووهێندە زیان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق و خەزێنەی گشتی بگات.

ئەوەشی خستەڕوو، زانیارى تەواویان لەسەر فەرهودکردنى نەوت لە هەرێمى کوردستان لەبەردەستدایە و بەرپرسیارەتییەکەشى لە ئەستۆى هەرێمە و ئەوەش زیانى زۆرى لە پشکى عێراقداوە لە رێکخراوى ئۆپیک

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا هاتووە، بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەکەن، کە ئاماژە بە بەردەوامی قاچاغی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەکەن و حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەو رووەوە بە بەرپرسیار دەزانن.

ئەوەش لەکاتێکدایە،  چەندینجارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەگاتە قۆناغەکانی کۆتایی و پارتی و یەکێتی لە پێناو بەردەوامیدان بە قاچاچێتی خۆیان بەربەست بۆ رێکارەکان دروست دەکەن و رێگرن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.


ڤـ.ر













گەلەری