کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ حاڵەتێکی سەلمێندراوی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان رووینەداوە.
ئەمرۆ چوارشەممە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن دەڵێت، هەواڵی فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە کاندیدەکان بە ٤٠٠ هەزار دینار، دوورە لە راستییەوە و تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر هیچ فرۆشتن و کڕینێک نییە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، کارتی بایۆمێتری بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی دادەنرێت، هەر بەکارهێنانێکی
نایاسایی تاوانە، ئەو کەسانەی تێوەدەگلێن بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا
دەکرێت، جا ئەو هاوڵاتییە بێت یان ئەو کەسەی کارتەکەی بەدەستهێناوە، هەردووکیان
رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.
وتیشی، لە
هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، کار لەسەر تەکنەلۆجیای ناسینەوەی رووخسار بۆ دەنگدەران
دەکرێت، نەک تەنها پشت بە پەنجەمۆر ببەسترێت، ئەمەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لەو
کێشانەی کە بەهۆی نەناسینەوەی پەنجەمۆرەوە دروستدەبوون.
ئەوەش لە
کاتێکدایە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.