لەگەڵ ئەوەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچوو هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە پێش جەژن مووچەی ئەوانیش دابەش ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ـی حوەزیرانی ٢٠٢٥، عەلی رەوف، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست بە ئێن ئاڕ تی وت، حکومەتی ماوەبەسەرچوو پێش جەژن موچەی مامۆستایانی گرێبەست هاوشێوەی سەرجەم مووچەخۆرانی دیکەی هەرێم دابەش ناکات و هاتنی پارەی لە بەغداوە کردووە بە مەرج بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان.
باسی لەوەشکرد، وەک ئاشکرایە مووچەی مامۆستایانی
گرێبەس لەسەر داهاتنی ناوخۆیە و پەیوەندی بە ناردنی پارەوە نییە لە بەغدا، لەم
سۆنگەیەوە پەیوەندیمان بە وەزارەتی داراییەوە کردووە و داوایانکردووە کە پێش جەژن
مووچەی مانگی پێنجیان پێبدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی وەزارەتی دارایی بەو
شێوەیە بووە، تا بەغدا پارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆران نەنێرێت، لێرە مووچەی
مامۆستایانی گرێبەست دابەشناکرێت.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر بەغدا پێش جەژنیش تەمویلی
مووچە بکات، ئەستەمە مامۆستایانی گرێبەست مووچە وەربگرن، چونکە هەمیشە ئەوان چەند
رۆژێک دوای دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان وەریدەگرن، هەر وەک لە جەژنی
رەمەزانیشدا بەو شێوەیەیان لێکرد.
ئەوە
لە کاتێکدایە، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمە
و هیچ پەیوەندییەکی بەو پارەیەوە نییە کە بەغدا مانگانە بۆ هەرێمی دەنێرێت.