سەردێڕ:

عێراق پلەی سێیەمی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا بەدەستهێنا

PM:11:42:22/05/2025

2608 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ریزبەندی لوتکەی پۆلیسی جیهانیدا و لەکۆی ١٣٨ وڵات پلەی سێیەمیان بەدەستهێناوە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا.


وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، عێراق بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بووە بەیەکێک لەو وڵاتانەی رکابەری لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چوارەمین لوتکەى پۆلیسى جیهانى کە پۆلیسى دوبەى رێکیخستبوو، پلەی سێیەمیان لەنێو ١٣٨ وڵات و ٢٠٥ رێکخراویی حکومی و ناحکومی بەدەستهێناوە و لە دواى هیندستان و مۆنتینیگرۆ کە پلەى یەکەم و دووەمیان گرتووە.

وتیشی، بەردەوامن لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە وڵاتەکەدا.

بە گوێرەى ئامارێکى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروبارى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق، لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵدا دوو تەن و ١٦٦ کیلۆگرام ماددەى هۆشبەر دەستیبەسەرداگیراوە و زیاتر لە سێ هەزار تۆمەتبار دەستگیرکراون.













گەلەری