سەردێڕ:

رووفاتی هەزار و ٧٠٠ کەس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق دەرهێنراون

PM:12:48:20/05/2025

1616 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا روفاتی هەزار و ٧٠٠ کەس کە سەرجەمیان کوردن لە گۆرە بەکۆمەڵەکان دەرهێنراون.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٥،عەبدولئیلا نەیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستا ٣٠ گۆڕی بەکۆمەلیان هەڵداوەتەوە کە سەرجەمیان کورد بوون و رووفاتی ئەو کەسانەش کە دەرهێنراونەتەوە گەیشتە هەزار و ٧٠٠ کەس.

وتیشی، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە لە دیاریکردنی ناسنامەی رووفاتەکان، بەوپێیەی زۆرێک لە خانەوادەی شەهیدەکان یان کۆچی دواییان کردووە یان گەشتیان کردووە و وڵاتیان بەجێهێشتووە، هەروەها کەسانێکیش هەن شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستنیشان نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان هەیە بۆ کردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەک کە یەکێکیان تایبەتە بە کاروباری کورد بۆئەوەی لەرێگەی ئەوانەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم بکات، هاوکات لە پرۆسەی دامەزراندنی تۆمارێکی نیشتیمانیدان بۆ کەسانی ونبوو، کە سەرجەم ناونیشان و ناوی قوربانیانی نەتەوە جیاوازەکانی عێراق لەخۆدەگرێت کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە.













گەلەری