سەردێڕ:

ترەمپ گەیشتە سعودییە؛ ئامانجی سەردانەکەی چییە؟

AM:08:51:13/05/2025

2332 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد و كەمێك لەمەوبەر گەیشتە وڵاتی سعودییە، هاوکات بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ پێشبینی دەکرێت رێککەوتنی ملیار دۆلاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بکات.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ـی ئایاری ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فڕۆکەیەکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی گەیشتە وڵاتی سعودییە و لە لایەن محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییەوە پێشوازی لێکراو بڕیارە دوای ئەویش سەردانی هەر یەکە لە وڵاتەکانی قەتەر و ئیمارات بکات.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، چاوەڕواندەكرێت ترەمپ لە (١٤)ی ئایار لە ریازی پایتەختی سعودییە، بەشداریبکات لە كۆبوونەوەیەكی لوتکە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، تیایدا دیدگای خۆی بۆ رۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتەڕوو.

میدیاکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کارنامەی گەشتەکە تیشک دەخاتە سەر راکێشانی وەبەرهێنانی گەورە لە وڵاتانی کەنداو و دابەزاندنی نرخی نەوت بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری ئەمریکا، هەروەها گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل، کە تێیدا قەتەر رۆڵی نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس دەگێڕێت.













گەلەری