سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆكی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كرد لە عێراق و وتیشی، بۆ چاكسازی و بەرزكردنەوەی سەقامگیری ئابووری لە وڵات سندوقەكە هاوبەشێكی سەرەكییە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٥، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ جان گیۆم پۆلان، سەرۆكی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە عێراق كۆبووەوە و هەوڵەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەرز نرخاند لە پاڵپشتیكردنی عێراق و دامەزراوە داراییەكان.
ئاماژەی بەوەشکرد، حكومەت لە بوارەكانی
دارایی و بانكی و ئابووری هەنگاوی ئەرێنی دەگرێتەبەر بۆ گەیشتن بە
سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتەكەدا.
هاوکات، سەرۆكی نوێنەرایەتی سندوقی
نێودەوڵەتی دراویش، ستایشی ئەو پێشكەوتنە بەرچاوانەی كرد كە حكومەتی عێراق لە
چاكسازیی ئابوریدا بەدەستیهێناوە، لەوانەش پەرەپێدانی سیستمی باج و پێناسی گومرگی.
هەروەها، سندوقەکە ئامادەیی بۆ زیادكردنی هەماهەنگی و كاری هاوبەش و پێشكەشكردنی رێنمای پێویست
سەبارەت بە بەرزكردنەوەی داهاتە نانەوتییەكان دەربڕی.