PM:07:49:29/01/2025
1544 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ١٣ هەزار سیستمی ئاودێری مۆدێرن لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دابەشکراوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمی ئاو.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، مەهدی سەحەر، جێگری سکرتێری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی داڕشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاوو ئاودێری لەرێگەی پاڵپشتیکردن و تەرخانکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکانی ئاودێری هاوچەرخ، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بەبەهای زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دینار گرێبەستی کردووە بۆ کڕینی ئەو سیستمانە.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، ئەو سیستمانە هۆکاربوون بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لەرێگەی
رێکخستنی بەکارهێنانی ئاو و زیادکردنی بەرهەمی هەر دۆنمێک، ئەمەش یارمەتی وڵاتەکەیدا
بۆ بەدەستهێنانی خۆبژێوی بۆ دوو وەرزی کشتوکاڵی لەسەریەک.
باسی لەوەشکرد، پڕۆژەی تەکنەلۆژیای ئاودێری مۆدێرن کە ٣٠٪ لەلایەن
حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئاسانکاریی دەکات لە گەڕاندنەوەی پارە بۆ جووتیاران کە
بۆ ماوەی دە ساڵ درێژدەبێتەوە، بە ئامانجی هاندانیان بۆ گرتنەبەری شێوازی پێشکەوتووی
ئاودێری و بەدەستهێنانی بەردەوامیی سەرچاوە ئاوییەکان.