PM:09:03:09/10/2024
1792 جار خوێندراوەتەوە
پرۆفیسۆر گاری وینک، مامۆستای دەروونناسی، زانستی دەمار، ڤایرۆسی گەردیلەیی و جیناتی پزیشکی لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مرۆڤ پێویستە کاریگەرییەکانی خۆراکی رۆژانەی بزانێت لەسەر مێشکی.
راپۆرتەکە کە لەلایەن سایکۆلۆژی ئەمڕۆوە ئامادەکراوە و بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە کە ئەو خۆراکانەی کە کافایینیان تێدایە، وەک قاوە، چا یان شوکولاتەی تۆخ، دەتوانن بارودۆخی دەروونی جڵەو بکەن و ئەدای کارکردن لەسەر زۆرێک لە ئەرکە زەینییەکان باشتر بکەن، بەڵام سودەکانیان کاتییە، بەو پێیەی ماددە خۆراکییەکانی تر وەک ڤیتامین و چەوری هاوسەنگ و پرۆتین و کاربۆهیدرات کاریگەری درێژخایەنتریان لەسەر کارکردنی مێشک هەیە و رەنگە چەند مانگێک یان ساڵێکی پێبچێت تا بە تەواوی کاریگەرییەکەیان دەربکەوێت.
چەند کەسێکی تەمەن ناوەڕاست لە یەکێک لە توێژینەوە گەورەکاندا بۆ ماوەی شەش مانگ تەنها سەوزەیان خواردووە، توێژینەوەکە هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە پەیوەندی هەیە لە نێوان خواردنی سەوزە و باشتربوونی کارکردنی هزری، وەک یادەوەری یان چارەسەرکردنی کێشەکانی بیرچوونەوە.
هیچ گۆڕانکارییەک لە کارکردنی مێشکی کەسەکاندا، وەک وێنەگرتنی دەماری ستاندارددا دەستنیشان نەکراوە.
بەگشتی خۆراکی تەندروست کەمترین کاریگەری لەسەر پێوەرەکانی رۆژانەی زیرەکی لە کەسی تەندروست و پێگەیشتووانی تەمەن ناوەڕاستدا هەیە، بەڵام خراپی خۆراک دەتوانێت ببێتە هۆی قەڵەوی، ئەمەش دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو کارکردی هزری تێکبدات و پیربوونی مێشک خێراتر بکات.