بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیار لە هەرێم زیاتر بێت لە حەوت ملیۆن گەشتیار و رێژەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
ئیبراهیم عەبدولمەجید بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیاری لە هەرێم و پەرەسەندنی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار هۆکارن لە زیادبوونی رێژەی گەشتیار لە هەرێم و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ رێژەکە لە ساڵی رابردوو زیاتر بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی پەرەدان بە کەرتی
گەشتیاریی، ئەمساڵ بەشداری چەندین پێشانگەی نێودەوڵەتی و وەرشە و کۆنفرانسیان
کردووە.
وتیشی، پلانێکی درێژخایەنیان لەبەردەستە بۆماوەی
هەشت ساڵ، بۆ رێکخستنەوەی کەرتی گەشتیاری.
دەشڵێت، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی
کوردستان و سروشتەکەی، هەروەها مێژووەکەی و ئەو شارستانییەتەی لە سەردەمە کۆنەکانەوە
هەیبووە، وایکردووە ناوچەکە ببێتە جێگەیەکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی لای گشت وڵاتانی
دیکە.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد، ساڵی
رابردوو رێژەی گەشتیار لە هەرێم گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و ٢٠٠ هەزار گەشتیار، کە ئەوە
ژمارەیەکی پێوانەیی بوو، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر ببێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر تۆڕی
'سی ئێن بی سی' عەرەبی ئابووریی رایگەیاند، کەرتی گەشتیاری لە هەرێم گەشەی سەندووە
و تەنها لەماوەی هاوینی رابردوودا داهاتی ئەو کەرتە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار
بووە، کە ئەوەش رێژەی ١٠٪ـی زیاترە بەراورد بە ساڵی رابردوو.