سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: کەمخەوی دایک لەکاتی دووگیانیدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشەی منداڵ

PM:07:11:27/09/2024

1352 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەک دەریخستووە، ئەو ئافرەتانەی دووگیانن و بەشی پێویست ناخەون، ئەگەری دواکەوتنی گەشەی منداڵەکانیان زۆر زیاترە، رەنگە خانمانی دووگیان بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکان و ناڕەحەتی لەکاتی دووگیانیدا و زۆر میزکردن و چەند هۆکارێکی دیکە کێشەی خەویان بۆ دروست ببێت.


وەک لە "روسیا تودەیـ"ـدا هاتووە، بە پێی راپۆرتێک نزیکەی ٤٠٪ـی ژنانی دووگیان بەدەست کەمخەویەوە دەناڵێنن، ئەم ژنانە لەوانەیە مەترسی زیاتریان لەسەر بێت بۆ تووشبوون بە بەرگریی ئەنسۆلین و شەکرەی دووگیانی، هەروەها کۆرپەکانیان مەترسی زیاتریان لەسەر بێت بۆ دواکەوتنی گەشەکردنی دەمارەکان، ئەم منداڵانە خاوتر دەبن لە پێگەیشتنی توانا کۆمەڵایەتی، سۆزداری، رەفتاری، جووڵەیی و هزرییەکان یان قسەکردندا.

دکتۆر پینگ ژۆو، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکی ئەنهوی لە چین دەڵێت: "ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر پێویستی بەڕێوەبردنی تەندروستی خەو لە کاتی دووگیانیدا، پەیوەندییەکی راستەوانە هەیە لە نێوان خەوی دایکان لە کاتی دووگیانیدا و گەشەکردنی دەمارەکان لە منداڵاندا".

توێژەران داتای خەوتنیان لە حەوت هەزار و ٥٩ جووت دایک و منداڵ لە سێ نەخۆشخانەی جیاواز لە چین شیکردەوە.

ئەوان پشکنینی دواکەوتنی گەشەکردنی منداڵەکانیان کرد لە تەمەنی شەش مانگەوە تا سێ ساڵ و پەیوەندی نێوان ماوەی خەوی دایکان و مەترسی دواکەوتنی گەشەکردنی دەمارەکانیان شیکردەوە، هەروەها رۆڵی ئاستی پێپتیدی سییان لە سیرۆمی خوێنی پەنجەی مێشکدا هەڵسەنگاند، کە نیشاندەرێکی بەردەوامە بۆ دەردانی ئەنسۆلینی کۆرپەلە.

توێژینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کەمخەوی لە کاتی دووگیانیدا رەنگە پەیوەندی هەبێت بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە کێشەکانی گەشەکردنی دەمارەکان لە منداڵاندا، کە کاریگەری لەسەر توانای هزری و گەشەکردنی رەفتار و توانای فێربوونیان دەبێت.

بە وتەی توێژەران، پێدەچێت کوڕان مەترسی زیاتریان لەسەر بێت بۆ دواکەوتنی گەشەکردنی دەمارەکان کاتێک دایکیان بەدەست تێکچوونی خەوەوە دەناڵێنێت لە کاتی دووگیانیدا، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە خەو رۆڵێکی گرنگی هەیە لە وەڵامدانەوەی نەوەکان بۆ هۆکارە ژینگەییەکان پێش لەدایکبوون.

توێژەران ئاماژە بەوەش دەکەن، تێکچوونی خەو لە کاتی دووگیانیدا رەنگە کاریگەری لەسەر میتابۆلیزمی گلوکۆزی دایک هەبێت و بەمجۆرە کاریگەری لەسەر ژینگەی گەشەی کۆرپەلە هەبێت.

لەکۆتاییدا نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، "تەندروستی پێش لەدایکبوون نەک تەنها بۆ دایکی دووگیان بەڵکو بۆ تەندروستی درێژخایەنی منداڵەکەش گرنگە".













گەلەری