توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات کە کات بەسەربردنی گەنجان لەبەردەم مۆبایل و کۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن، ئەگەری گەیشتنیان بە تەمەنی ٦٠ ساڵی کەم دەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتی رۆژی تەندروستی، لە توێژینەوەکەدا کە دەیان ساڵە بەردەوامە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە تەمەنی بیستەکاندا بوون و زۆر سەیری تەلەفزیۆنیان کردووە، دواتر تەندروستی دڵیان زۆر خراپتر بووە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە کەمکردنەوەی ئەم خووە لە سەرەتای تەمەندا سوودی
راستەقینەی تەندروستی هەیە.
مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک لەنێو ئەو کەسانەدا
زیادی کردووە کە زۆرترین کاتیان بەسەر بردووە بۆ سەیرکردنی شاشەی جیاواز.
توێژینەوەکە لە زانکۆی کالیفۆرنیا ئەنجامدراوە و بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بەدواداچوون
بۆ چوار هەزار گەنجی تەمەن بیستەکان کراوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە کاتی شاشە تەنها لە گەنجیدا مەترسیدار نییە، هەر
کاتژمێرێکی زیادەی کاتەکانی رۆژانەی تەلەفزیۆن لە تەمەنی ناوەڕاستدا ئەگەری
تووشبوون بە نەخۆشی تاجی دڵ بە رێژەی ٥٥٪ و جەڵتەی مێشک بە رێژەی ٥٨٪ و نەخۆشییەکانی
دڵ بە گشتی بە رێژەی ٣٢٪ زیاد دەکات.
توێژەران دەڵێن: "پێدەچێت ئەمە ئەوە نیشان بدات کە کاتەکانی شاشە لە گەنجیدا
سنوور بۆ تەمەنی گەورە دادەنێت".