سەردێڕ:

هەشت ساڵ جەنگ و مردنی سەدان هەزار کەس؛ ٣٦ ساڵ لەمەوبەر جەنگی عێراق-ئێران کۆتایی هات

PM:04:24:08/08/2024

4292 جار خوێندراوەتەوە

٣٦ ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق-ئێراندا تێپەڕى، کە بەهۆیەوە نزیکەى ٢٥٠ هەزار سەربازی عێراقى و ٣٥٠ هەزار سەربازی ئێرانى گیانیان لەدەستدا و زیانێکى گەورەى مرۆیی و مادى بەر هەردوولا کەوت.


لە ٢٢ـی ئەیلولی ١٩٨٠ و دوای تەنها ساڵێک لە وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن سەدام حسێن و ئیمام خومەینییەوە، جەنگی عێراق-ئێران دەستی پێکرد لە هەشتی ئابی ١٩٨٨ـدا و بە بڕیاری ژمارە ٥٩٨ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆتایی هات و ئیمام خومەینى رابەڕى پێشووى شۆڕشى ئیسلامى ئێران و سەدام حسێنى سەرۆکى رژێمى پیشووى عێراق بە راگرتنى شەڕ رازى بوون.

کورتەى بڕیارەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان بریتى بوو لە راگرتنى جەنگ و کشانەوە بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان، پێکهێنانى لیژنە بۆ گفتوگۆ بۆ رێککەوتن، گۆڕینەوەى زیندانیانى جەنگ، ئێران و عێراق هاوکارى لیژنە تایبەتمەندەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن.

جەنگى عێراق و ئێران کە لە ئەیلولى ١٩٨٠ دەستى پێ کردبوو، ژێرخانى هەردوو وڵاتى وێران کرد، نزیکەى ٢٥٠ هەزار سەربازی عێراقى و ٣٥٠ هەزار سەربازی ئێرانى گیانیان لەدەستدا.

بە بڕوای چاودێران، مەبەستى جەنگەکە کە بە دەستپێشخەرى سەدام حسێن هەڵگیرسا، دروستکردنى فشار و سازشکردن بوو بە ئێران، بەتایبەت لەو کاتەى کە تەنها ساڵێک بوو حوکمی پاشایەتی لە وڵاتەکە رووخابوو و حکومەتى نوێى ئەوکاتەى ئێران پێکهاتبوو، سەدام دەیویست سوود لە لاوازى سوپاى ئێران و ناجێگیرى بارودۆخى ئەو وڵاتە وەربگرێت.

نزار خەزرەجى، سەرۆک ئەرکانى ئەو کاتەى سوپای عێراق لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، تەنها سێ مانگ پێش جەنگەکە ئاگادار کراوەتەوە لە پلانى هێرشکردنە سەر ئێران، هەرچەندە داواى دوو ساڵیان کردووە بۆ ئەوەى خۆیان بە باشى ئامادە بکەن، بەڵام سەدام رەتی کردووەتەوە، بۆیە تەنها بۆ ماوەى ساڵێک توانیویانە لە حاڵەتى هێرش و پێشڕەویدا بن.

دوو ساڵ دواى هەڵگیرسانى شەڕ، عێراق پاشەکشەى کرد بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان و داواى ئاگربەستى کرد، بەڵام خومەینى رەتی کردەوە، ئەوەش هێندەى تر ئاگرى جەنگەکەی بڵێسە دا.

هەندێک لە سەرکردەکانى بەعس لە بیرەوەرییەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، تا ساڵى ١٩٨٧ ئێران توانى چەند شوێنێکى عێراق بگرێت و مەترسى روخاندنى رژێمى بەعسى دروست کرد، بۆیە ئەمریکا یارمەتى تەواوى عێراقیدا و لە ماوەى کەمتر لە دوو ساڵدا جەنگەکەی بە قازانجى خۆى گۆڕى، بۆیە ئێران ناچار بوو بە ئاگربەست رازی بێت و خومەینیش لە وتەیەکى بەناوبانگدا، بە "خواردنەوەى جامێک ژەهر" وەسفى کرد و وتى، "لەبەر بەرژەوەندى وڵاتەکەم دەیخۆمەوە".













گەلەری