رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و بە تەنها لەمڕۆدا دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی سووتان و برینداربوون، بەمەش لە پێنج مانگدا لە هەولێر زیاتر لە ٥٠٠ ئاگر کەوتووەتەوە.
زنجیرەی رووداوی ئاگرەکانی هەولێر بەردەوامە و لە ماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە ٥٠٠ ئاگر بە هەموو جۆرەکانییەوە کەوتووەتەوە.
دواین دوو
رووداوی ئاگرکەوتنەوە کە چەند کاتژمێرێکی کەم نێوانیان بوو ئەوانیش سوتانی کارگەیەکی
غاز و چوار کۆگای بەرهەمی پاککردنەوە بوو لە شاری هەولێر.
بەهۆی
ئاگرەکەوە هەر چوار کۆگاکە بەتەواوی سووتان لەگەڵ تەواوی کەرەستە خامەکانی ناویان
و زیاتر لە چوار کاتژمێری پێچوو تا بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرا، بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی
سووتان و دوو کارمەندی تیمەکانی بەرگری شارستانیش گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
هاوکات، بەشێک
لە ئاگرەکان بەهۆی کارنەکردنی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن و بەشێکیشیان
بەهۆی دوورییان
لە بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکان درەنگتر کۆنتڕۆڵ دەکرێن و بەمەش زیانەکان زیاتر
دەبن.
بەشێوەیەکی
زانستی ١٨ هۆکار هەیە بۆ دروستبوونی ئاگرەکان لەوانەش هۆکاری شۆرتی کارەبا و کوالێتی مەوادەکانە، بەڵام رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ئەمساڵ لە هەولێر گومانی
زۆری لای هاوڵاتیان دروست کردووە و زۆرینەی کاسبکاران بە گومانەوە لە رووداوەکان دەڕوانن.
جگە
لەوەش، سەرباری ئەوەی تا ئێستا ئاگرەکان زیانێکی زۆری ماددیان هەبووە بەڵام حکومەتی
کاربەڕێکەر هیچ قەرەبوویەکی کاسبکاران ناکاتەوە و تەنها بەڵێنی بێ کردارییان پێ
دەدات.