سەردێڕ:

بڕیاری ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە بەریتانیا ناکۆکى لەناو پارتى پارێزگاران دروستکردوە

PM:11:32:23/05/2024

1836 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چواری تەمموزی داهاتووی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتەکەی و پێشبینیش دەکرێت هەلی ریشی سوناک بۆ پارێزگاریکردن لە پۆستەکەی لەم هەڵبژاردنەدا لاواز بێت.


لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رۆژی ٤ـی تەمموزی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە بەریتانیا راگەیاند و جەختی کردەوە، کاتە هەستیارەکان پێویستی بە پلانێکی روون و بوێرانە هەیە بۆ دیاریکردنی دواڕۆژێکی سەقامگیر.

هاوکات لە وتارێکیدا باسی لەوە کرد، پاشا چارڵزی سێیەم بڕیارەکەی پەسەند کردووە و رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانیش خۆی پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە و دوای هەڵبژاردنیش خۆی یان سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو.

بڕیارەکەی سوناک پارتی پارێزگارانی تووشی شۆک کرد و شەپۆلێک توڕەیی لەناو ئەندامەکانیدا دروستکرد، دەنگۆی ئەوەش هەیە دەنگ بدەن بۆ سەندنەوەی متمانە لە سوناک چونکە پێیانوایە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریکردووە لە بەرژەوەندی پارتی پارێزگاران نییە.

ئەوە لەکاتێکدایە، ماوەى ١٤ ساڵە پارتى پارێزگاران سەرۆکایەتى حکومەتى بەریتانیای بەدەستەوەیە، بەڵام لە کۆتا هەڵبژاردنى شارەوانییەکان شکستى بەرامبەر پارتى کرێکاران هێنا و بۆ پلەى سێیەم دابەزی.

هەرچۆنێک بێت بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆتایی بە چەند مانگێک لە گفتوگۆ و ناکۆکییەکان هێنا سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەدا، هەڵبژرادنەکەش دوای قەیرانی بژێوی و ناکۆکییەکان دێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران و پەناخوازان کە لە ئەوروپاوە و بە رێگە پڕ مەترسییەکەی کەناڵی ئینگلیزیدا دەچنە خاکی بەریتانیاوە.













گەلەری