سەردێڕ:

بەراورد بە بودجەی ٢٠٢٣؛ پشکی هەرێم چوار ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار زیادی کردووە

PM:10:03:23/05/2024

1228 جار خوێندراوەتەوە

پشکی هەرێم لە بودجەى هەموارکراوى عێراق بۆ ساڵى ٢٠٢٤ بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو چوار ترلیۆن زیادی کردووە، بە تەنها بۆ مووچە ١١ ترلیۆن تەرخانکراوە، بەوەش پارەى مووچە مسۆگەر کراوە ئەگەر بێت و دەسەڵاتدارانى هەرێم کێشە دروست نەکەن.


پشکی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵی عێراق زیاتر لە چوار ترلیۆن دیناری چووەتە سەر، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم کێشە دروست نەکەن نەک کێشەی مووچە نامێنێت و بەڵکو پڕۆژەکانیش بەگەڕدەخرێنەوە.

پاش ئەوەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق یەکەم گفتوگۆی لەسەر بودجەی ئەمساڵ کرد، پشکی هەرێم لە بودجەدا بە زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن و ٩١٠ ملیار دینار دیاری کرا، کە ئەوەش بەراورد بە بودجەی ٢٠٢٣، چوار ترلیۆن و ٥٠٠ دینار زیادی کردووە، لەو بڕەش ١١ ترلیۆن و ٥٧٦ ملیار دیناری بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دیاریکراوە، واتە بۆ هەر مانگێک ٩٦٤ ملیار دینار دەکات.

بەمەش گەر هەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت بۆ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و بەبانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی، ئەوا شایستەکانی فەرمانبەران گەرەنتی کراوە و هەموو مانگێک لە وادەی خۆیدا پێیان دەدرێت.

هاوکات لەو ١١ ترلیۆنەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دیاریکراوە، بەغدا تا ئێستا زیاتر لە سێ ترلیۆن و ١٣٠ ملیار دیناری ناردووە، کە مووچەی چوار مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمە، بەمەش کۆی بڕی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ماوە هەشت ترلیۆن و ٤٤٦ ملیار دینارە کە بۆ مووچەی هەشت مانگی داهاتوو دابینکراوە.

لەلایەکی دیکەوە لە بەشە بودجەی هەرێمدا سێ ترلیۆن و ٢٦٤ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی حکومەت دابینکراوە، چوار ترلیۆن و ٩٥٤ ملیار دیناریش بۆ خەرجی وەبەرهێنان دانراوە، لەگەڵ گەڕانەوە بڕی یەک ترلیۆن و ١١٦ ملیار دینار قەرز بۆ هەر سێ بانکى تى بی ئاى، رافیدەین و رەشید کە لە ساڵی رابردوودا بە هەرێمیان دابوو، کە بڕەکەی دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار بوو، بەگوێرەى بڕیارى حکومەتى عێراق ئەو قەرزە لە پشکى بودجەى ٢٠٢٤ـی هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت.













گەلەری