سەردێڕ:

لە رۆژانی پشوودا؛ فرۆشتنی دۆلار بە حاجییان بە نرخی فەرمی بەردەوام دەبێت؟

PM:09:31:23/05/2024

744 جار خوێندراوەتەوە

بانکی رافیدەین رایگەیاند، داوایان لە سەرجەم لقەکانیان کردووە لە رۆژانی هەینی و شەممەشدا بەردەوام بن لە فرۆشتنی دۆلار بە حاجییان بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی رافیدەین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم لقەکانیان راسپاردووە جگە لە رۆژانی دەوامی فەرمی، لە رۆژە پشووەکانیشدا بەردەوام بن لە پێدانی دۆلار بە حاجییان بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی.

باسی لەوەش کرد، بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژانی هەینی و شەممەشدا دەرگای سەرجەم لقەکانیان تاوەکو کاتژمێر ٨ـی شەو بەڕووی حاجییاندا کراوە دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، ئامانج لەم رێکارە ئاسانکاریکردنە بۆ توێژی حاجییان بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە دۆلار تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی حەج.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٢ـی ئایار بانکیناوەندیی عێراق رایگەیاند، حاجییان دەتوانن لە لقی بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی بازرگانیی عێراق "TBI" و چەند کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە شارە جیاوازەکانی عێراق، دۆلار بە نرخی فەرمی بکڕن. وتیشی، بڕی ئەو دۆلارەی کە دەدرێتە حاجییان سێ هەزار دۆلارە.

لەوبارەیەوە، بانکی رەشید ئاماژەی بەوە کرد، فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی تەواوی حاجییان دەگرێتەوە چی بە رێگەی وشکانی یاخود ئاسمانی گەشت بکەن، هەروەها لە رێگەی ئەلیکترۆنیەوە پێشوەختە داوای بڕی دۆلار دەکرێت و دواتر لەو لقەی زانیارییەکانی تێدا تۆمار کراوە دۆلاریان پێ دەفرۆشرێت.













گەلەری