سەردێڕ:

نوێترین زانیاری سەبارەت بە هەمواری بودجە و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەرێم

PM:06:41:23/05/2024

10296 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، هەفتەی داهاتوو لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و چۆنیەتی دابەشکردنی خەرجییەکان کۆدەبنەوە. چاوگێکیش لەو بارەیەوە دەڵێت، " بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە بەبانکیکردنی مووچە دەکرێتە ماددەیەکی نوێ لە بودجەی ئەمساڵدا".


ئەمڕۆ پینجشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەلایەن لیژنەی دارایی و عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی بودجەی ئەمساڵ لەگەڵ تەیف سامی کۆببنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەکۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی پرسی خەرجییەکانی مووچە دەکرێت بەتایبەت بەرزبوونەوەی خەرجی مووچە و دەستکارینەکردن و گۆڕانکاری نەکردن لە بودجەدا هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە.

هاوکات، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئاشکراکرد، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم نایەوێت بە هیچ جۆرێک کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکرێت و بەرپرسیاری یەکەمیشە لە دواخستنی مووچەی مووچەخۆران.

ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان کردووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر لەم مانگەدا دەست بە بەبانکیکردنی مووچە بکات بەڵام تەنها فۆڕمی ٣٦١ مووچەخۆری بۆ بانکی بازرگانی عێراق ناردووە. وتیشی، " رێگەنادرێت پێشێلکاری بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت و رێگەش نادەن کە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەرێگای بانکە حزبییەکانەوە ئەنجامبدرێت".

جەختی لەوەش کردەوە، لە مانگی حوزەیرانەوە بانکی بازرگانی عێراق دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکات و لەیەکەم قۆناغیشدا مووچەی ٦٧٠ هەزار مووچەخۆر بەبانکیدەکات بەهۆی ئەوەی جەخت لەوە کراوەتەوە کە بودجە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەپارێزێت لەهەر ناکۆکی و ناپابەندبونێکی حکومەتی کاربەڕێکەر.

پرسی مووچەی مووچەخۆران دەکرێتە ماددەیەکی نوێ لە بودجەدا؛

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە میکانیزمی داڕشتنەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی چارەسەر بکرێت.

باسی لەوەش کرد، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە هەردوو حکومەتی عێراق و کاربەڕێکەری ناچارکردووە بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران، دەکرێتە ماددەیەکی نوێ و لە بودجەدا دادەندرێتەوە. وتیشی، " بڕیاری بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لە بودجەدا وەک ماددەیەکی نوێ و میکانیزمیکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە دیاریدەکرێت".

مووچەی مووچەخۆران لە ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەپارێزرێت؛

چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق لەو بارەیەوە ئەوەی روونکردنەوە، حکومەتی کاربەڕێکەر هەر هەوڵ و مەرامێکی هەبێت ناتوانێت کێشەی زیاتر بۆ مووچەخۆران دروستبکات، چونکە وەزارەتی دارایی چەندین جار هۆشداری توندی داوەتە بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر.

دەشڵێت، "مووچەی مووچەخۆران لە بودجەدا بەتەواوی لە پابەندبوونەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر جیادەکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بڕیاری کۆتایی دەدەن".

هێڤیدار شعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی


 













گەلەری