سەردێڕ:

کەسوکاری ئەو پزیشکەی لە هەولێر خنکا: بڕیارەکانی دادگا لەبارەی کەیسەکەوە رەتدەکەینەوە

PM:06:19:23/05/2024

2824 جار خوێندراوەتەوە

باوکی ئەو کچە پزیشکەی سێ ساڵ پێش ئێستا لە مەلەوانگەیەکی هەولێردا خنکا رایگەیاند، گیانلەدەستدانی کچەکەیان گوماناوی بووە و بڕیارەکانی دادگای کەتنی دووی هەولێر رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن کەیسەکە وەکو خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرهاد حەسەن باوکی ئەو کچە پزیشکەی سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە مەلەوانگەیەکی هەولێردا خنکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پاش سێ ساڵ لە بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دادگاییکردن، دادوەر بێتاوانی هەردوو تۆمەتباری کەیسەکەی راگەیاند و ئەوان وەک کەسوکاری ئەو پزیشکە بەتەواوی بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، نادادپەروەریی لە بڕیارەکەدا هەیە چونکە بەڵگەی تەواو لە کەیسەکەدا هەیە سەبارەت بە هەبوونی کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبەرایەتی مەلەوانگەکە و رزگارکەری مەلەوانگەکە، بەڵام ئەمڕۆ دادوەر بێتاوانی هەردوو تۆماتبارەکەی راگەیاند.

باسی لەوەش کرد، پێشتر لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا دوو کەسی تۆمەتبار لە رووداوەکەدا بەپێی مادەی ٢٠٨ کە نیشانی داوە رووداوەکە قەزا و قەدەر بووە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، بەڵام دواتر دادوەری لێکۆڵینەوە مادەکەی گۆڕیوە بە مادەی ٤١١ کە تایبەتە بە کەمتەرخەمیکردن و بڕیارەکە چەسپا.

وتیشی، "بەڵگەی پزیشکی تەواو هەیە کە دەیسەلمێنێت کچەکەمان هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و خۆشی مەلەوان بووە هەربۆیە گومانمان لە خنکانی کچەکەمان هەیە".

ئەوەشی خستە روو، چەند کەمتەرخەمییەک لە مەلەوانگەکەدا هەبووە کە هۆکار بوون بۆ گیانلەدەستدانی کچەکەیان، یەکەم نەبوونی ئیدارەیەکی گونجاو تێیدا، دووەم بوونی تەنها یەک رزگارکەر لە مەلەوانگەکەدا، هاوکات ئەنجام نەدانی فریاگوزاری پێویست بۆ کچەکەیان لەدوای رووداوەکە.

راشیگەیاند، پێشتریش لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا دەستوەردان لە کەیسەکەدا هەبووە بەڵام ئەوان رێگرییان لێکردووە، هەربۆیە داوا دەکەن ئەمجارەش کەیسەکە وەکو خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بەبێ هیچ دەستوەردانێک. وتیشی، داوا دەکەن جارێکی دیکە چاوپیاخشاندنەوە بۆ کەیسەکە بکرێت و لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەیان کەیسەکە دەگەیەننە دادگای فیدڕاڵی عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٧ـی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢١ کچە پزیشکێک کە تەمەنی ٢٥ ساڵ بوو لە مەلەوانگەیەکی شاری هەولێر خنکا و دوابەدوای رووداوەکە باوکی رایگەیاند، گومانیان لە خنکانی کچەکەیان هەیە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی هۆکاری خنکانی ئەنجام بدرێت.













گەلەری