سەردێڕ:

دوای حەوت رۆژ؛ تەرمی ئەو منداڵەی لە رووباری چۆمان خنکا دۆزرایەوە

PM:03:59:23/05/2024

2736 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر تەرمی ئەو منداڵە پێنج ساڵەی کە لە رووباری چۆمان خنکابوو، دوای حەوت رۆژ لە گەڕان لە نزیک گوندی هەوارەکۆن لە سنوری رواندز دۆزرایەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای تێپەڕبوونی حەوت رۆژ بە هەوڵی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان تواندرا تەرمی ئەو منداڵە بدۆزرێتەوە کە لە رووباری چۆمان خنکابوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو منداڵە ناوی ( ئایهان سۆران)ـە و دانیشتووی هەولێر بووە هاوکات ئەوەی کە ببووە ئاستەنگی زیاتر لەبەردەم تیمەکانیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەیدا، پلەی ساردی ئاوەکە بووە.

باسی لەوەش کرد، هۆکارێکی دیکە ئەوە بووە کە ئاستی ئاوی رووبارەکە زۆر بەرز و لێژ و تیژڕەو بووە، هەربۆیە نەیانتوانیوە لە ماوەیەکی کەمدا دوای رووداوەکە تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەینی رابردوو ١٧ـی ئایار، دوای ئەوەی ئەو منداڵە لەگەڵ خێزانەکەی بەمەبەستی گەشت و سەیران روویان لە شارۆچکەی گەڵاڵە کرد، منداڵەکە كەوتە ناو رووباری چۆمان، لەو کاتەشدا بەمەبەستی رزگارکردنی، باوکی خۆی هەڵدایە ناو رووبارەکە و بەهۆیەوە هەردووكیان خنكان.
کەریم کەیفی - سۆران 


 













گەلەری