سەردێڕ:

وەڵامی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بە بەغدا

PM:12:35:23/05/2024

59156 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر رەزامەندی داوە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بە بەغدا، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی لەبارەی چۆنییەتی رادەستکردنی داهاتەکانەوە کۆنەبووەتەوە. جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەریش دەڵێت، "رەزامەندیمان داوە بە رادەستکردنی داهات".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، پێویستە پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە بکات لەبارەی شێوازی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بە بەغدا، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر رەزامەندی لەسەر رادەستکردنی داهاتەکان داوە.

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نەداوە کە وەزارەتی دارایی لەوباریەوە کۆببێتەوە و میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی داهاتەکان دابنرێت، بەڵام رەزامەندی داوە لەسەر رادەستکردنی داهاتەکان.

لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە ئەوەشی خستە روو، تا ئیستاش چاوەڕێن پارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە بەغداوە بگات و بەپێی زانیارییەکانی ئەوان هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی پارەکەدا نییە.

لایخۆشییەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رەزامەندییان داوە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و چاوەڕێن شاندەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر شێوازی رادەستکردنەکەی رێکبکەون.

وتیشی، "ئامادەین لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان بنێرین بۆ بەغدا بەڵام پێویستە میکانیزمێکی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کردووە و کۆپییەکی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە باسی لەوە کردووە، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی نانەوتی رادەستناکات و سەرەڕای ئەوەش دەستکاری داهاتەکان دەکات و داهاتی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی رادەست نەکردووە، جگە لەوەش دەستکاری داهاتی مانگی ،شوبات و ئازاریشیان کردووە.

باس لەوەش کراوە، هەرێم لەگەڵیاندا راستگۆنییە و پابەندی رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و هەرێم نییە، بەگوێرەی ماددەی ١٣ـی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـی عێراق دەبوو حکومەتی کاربەڕێکەر سەرجەم داهاتەکان رادەستبکات، بەڵام تەنها ٥٠٪ـی داهاتەکانی ناردووە بۆ خەزێنەی وەزارەتەکەیان.

ئەوەش هاتووە،هەرێم پێشێلکاری بەرامبەر بە ماددەی ١٢ و ١٣ـی بودجە کردووە و ئامادەش نییە داهاتی نانەوتی رادەستی وەزارەتەکەمان بکات، سەرەڕای ئەوەی داهاتی نەوتیشی رادەستنەکردووە.
هێرش قادر- هەولێر 
گۆران لوقمان- سلیمانی 













گەلەری