سەردێڕ:

لەماوەی دوو رۆژدا؛ بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە لە هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستداوە

AM:10:52:23/05/2024

31760 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە لە هەولێر لەماوەی دوو رۆژدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکیان پیاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ و ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بووە.


رۆژی ١١ی ئەم مانگە، لە گوندی باغەمرەی نزیك دارەتوو سەگ پەلاماری پیاوێكی دا و لووتی بەتەواوی لێكردەوە، دوای ئەوەی بۆماوەی چەند رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە، دوێنێ گیانی لە دەستدا.

ئەو پیاوە تەمەنی ٢٨ ساڵ بووە و دوای پەلاماردانی سەگ دەرزی دژەگەستنی ئاژەڵ نەبووە لە نەخۆشخانەدا تاوەکو لێی بدرێت، دوای مانەوەی چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

هاوکات، شەوی رابردووش گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ کە ١٨ رۆژ بەر لە ئێستا سەگ پەلاماری دابوو بەهەمان شێوەی لە دارەتوو، بەهۆی نەبوونی دەرزی دژەگەستنی ئاژەڵ و سەختی برینەکەی شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی تەنها لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ و تەنها لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، ٦٥ حاڵەتی گەستنی هاوڵاتییان لەلایەن سەگی بێلانەوە هەبووە.

بوونی سەگی بێلانە لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شارە جیاوازەکانی هەرێم گرفتی بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە و هاوڵاتییان باس لەوەدەکەن، ناتوانن بە ئاسوودەیی بە رێگادا بڕۆن لە زۆر شوێندا سگی بێلانەیان لێپەیدا دەبێت، یاخود منداڵەکانیان بە ئاسوودەیی ناتوانێت لە دەرەوەی ماڵدا یاری بکات. لە هەندێک گەڕەکیشدا کە ماڵەکان پەلەوەڕ بەخێودەکەن، چەندین جاری رووبەڕووی پەلاماردانی سەگ بوونەتەوە و چەندین پەلەوەریان لێخنکاندوون یاخود خواردوون.

دیاردەی پەلاماردان و گەستنی منداڵان و گەورەکانیش لەلایەن سەگی بێلانەوە ماوەی چەند ساڵێکە رووی لە زیادبوون کردووە و چەندین کەسیش هەر بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، تاوەکو ئێستاش حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەرێکی جددی بۆ ئەو پرسە دانەناوە و هیچ هەنگاوێکی کرداریی جددی نەناوە بۆ ئەو مەبەستە، رۆژ بە رۆژیش بوونی سەگی بێلانە لە کۆڵانەکانی ناوشارەکاندا روو لە زیادبوونن و مەترسی بۆسەر هاوڵاتییان دروست دەکەن.

موراد ئەحمەد، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری