سەردێڕ:

هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە چییە؟

AM:09:36:23/05/2024

41036 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی هەفتەیەک بەسەر ناردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە تێپەڕی، بەڵام هێشتا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم نەنێردراوە.


تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کردووە و کۆپییەکی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە باسی لەوە کردووە، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی نانەوتی رادەستناکات و سەرەڕای ئەوەش دەستکاری داهاتەکان دەکات.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هەرێم لەو راپۆرتە داراییانەی کە ئاراستەیان کردووین بەهیچ جۆرێک ئاماژەیان بە داهاتی مانگی کانوونی دووەمی ئامساڵ نەکردووە، جگەلەوەش دەستکاری داهاتی مانگی شوبات و ئازاریشیان کردووە".

باس لەوەش کراوە، هەرێم لەگەڵیاندا راستگۆنییە و پابەندی رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و هەرێم نییە، بەگوێرەی ماددەی ١٣ـی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ـی عێراق دەبوو حکومەتی کاربەڕێکەر سەرجەم داهاتەکان رادەستبکات، بەڵام تەنها ٥٠٪ـی داهاتەکانی ناردووە بۆ خەزێنەی وەزارەتەکەیان.هەرێم پێشێلکاری بەرامبەر بە ماددەی ١٢ و ١٣ـی بودجە کردووە و ئامادەش نییە داهاتی نانەوتی رادەستی وەزارەتەکە بکات، سەرەڕای ئەوەی داهاتی نەوتیشی رادەستنەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە بوونی گرفت لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکاندا، وای کردووە گرفت لە وردبینی و واژۆکردنی لیستەکە لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە دروست ببێت.

ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، هەریەک لەو دوو پرسە هۆکارن بۆ نەناردن و دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە.

لەلایەکی دیکەوە، چاوگێکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەرێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ژمێرکاری لە راپۆرتی دارایی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داهاتی ناوخۆی بۆ بەغدا ئاشکرا کردبوو، رۆژی ٧ـی ئایاری ئەمساڵ لە پۆستەکەی دورخرایەوە.

باسی لەوەش کرد، لە راپۆرتە داراییەکاندا سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە دروستی وەک خۆی بۆ بەغدا نوسرابوو، بەڵام مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر سزایدا بە دورخستنەوەی لە پۆستەکەی.وتیشی،" لەگەڵ دورخستنەوەیدا کەسێکی تر داندرا راپۆرتەکان بنوسێت ئەوەش وایکرد کە دەستکاری سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان بکەن".













گەلەری