سەردێڕ:

میدیاکانی فەڵەستین: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح دەستی پێکردووە

AM:09:27:07/05/2024

1624 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی فەلەستین بڵاویان کردەوە، ئیسرائیل هێرشی بۆسەر رەفەح دەستپێکردووە و دەروازەی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیاکانی فەڵەستین بڵاویان کردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر دەروازەی رەفەح و بە تەواوی دەروازەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، رێگای هاتوچۆ گیراوە و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکە وەستاوە، هاوکات بە سەدان دانیشتووی رەفەح ئاوارە بوون و ناوچەکەیان بەرەو رۆژئاوای کەرتی غەززە چۆڵ کردوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆسەر گروپە چەکدارەکان لە شاری رەفەح.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٦ـی ئایار بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس رەزامەندی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پێشنیارەکانی میسر و قەتەر بۆ پێکهێنانی ئاگربەست، لەبارەی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و تەواوکردنی دانوستانەکان شاندی حەماس دەچێتە قاهیرە.

لە ئیستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستین لە ناوچەی رەفەحدا دەژین و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتانی جیهان هۆشداری ئەوەیان دا، هێرش کردن بۆ سەر ناوچەی رەفەح لەلایەن ئیسڕائیلەوە کارەساتی گەورە دەخولقێنێت.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا ٣٤ هەزار و ٧٣٥ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٨ هەزار و ١٠٨ کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا ٦١٢ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٣٤٤ سەربازی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری