سەردێڕ:

شاندێکی حەماس بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەست سەردانی قاهیرە دەکات

PM:11:51:28/04/2024

3000 جار خوێندراوەتەوە

میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە، لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئیسرائیل وەڵامێک لە حەماسەوە وەردەگرێت سەبارەت بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان. ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاوی کردەوە، سبەی شاندێکی حەماس بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە سەردانی قاهیرە دەکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیاکانی ئیسر ائیل بڵاویان کردەوە، پێشبینی دەکرێت لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا، ئیسرائیل وەڵامێک لە یەحیا سنوار بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە غەززە وەربگرێت سەبارەت بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر حەماس وەڵامەکانی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان نەرێنی بێت، ئەوا رەنگە ئیسڕائیل دەست بە هێرشکردن بۆ سەر رەفەح بکات.

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەیەکی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سبەی دووشەممە شاندێکی حەماس بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە سەردانی قاهیرە دەکات.

هاوکات، ماجد ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر باسی لەوە کرد، داوا لە حەماس و حکومەتی ئیسڕائیل دەکەن لە دانوستانەکان بۆ پێهێنانی ئاگربەست زیاتر جددی بن.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی سعودیە دەکات و تاوتوێی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی ئیسڕائیل باس لەوە دەکات، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٣٠ بارمتە لای حەماس مابێت لەکۆی ٢٥٠ بارمتە کە لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

جەنگی غەززە کە ماوەی زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەسەریدا تێپەڕی کردووە، هێشتا ئەنجامەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و تا ئێستاش زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ٧٧ هەزار کەسیش بریندار بوون، هاوکات لە لایەنی ئیسرائیلیش هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری