سەردێڕ:

دوایین پێشهاتەکان لەبارەی هێرشکردنە سەر شاری رەفەح لە غەززە چین؟

PM:09:43:26/04/2024

1248 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئیسرائیل هێزێکی سەربازیی گەورەی ئامادە کردووە تا هێرش بکەنە سەر شاری رەفەح لە کەرتی غەززە کە بە دوایین پێگەی گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین ناوی دەبەن، هاوکات حکومەتی قاهیرە و هێزە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن بە ئیسرائیل کە ئەو کارە نەکات و میسریش ترسی هەیە بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەزەوە ئاوارەى میسر ببن.


وێڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی تەلئەبیب پلانی داڕشتووە دواین پێگەی گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین لە باشوری کەرتی غەززە کۆنتڕۆڵ بکات و سوپای ئیسڕائیلیش چاوەڕێی فەرمانی سەرۆک وەزیرانە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە.

ئێستا ئیسڕائیل لەبەردەم دوو بژاردەیە، یەکەمیان هەڵکردنی چرای سەوز بۆ سوپا تا هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر شاری رەفەح ئەنجام بدات، یان هەلێکی تر ببەخشێتە نێوەندکارەکان تا گرێبەستی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان سەربخەن.

لەو نێوەندەدا حکومەتی قاهیرە هەوڵێکی چڕ دەدات کە بژاردەی یەکەم روونەدات، بەو پێیەی هێرشکردنە سەر رەفەح کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و کاریگەرییەکەشی دەگاتە ناوچەی سینا لە میسر.

لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، دوو لیوای یەدەگی سوپایان بانگهێشتی خزمەتی سەربازیی کردووەتەوە و ئامادەکاریشیان کردووە بۆ راگواستنی هاوڵاتیە مەدەنییەکان لە شاری رەفەح بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیان هەزار چادریان بۆ راگواستنی هاوڵاتیانی شاری رەفەح ئامادە کردووە.

رەفەح دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە و هاوسنوورە لەگەڵ میسر و دوا پێگەی کۆنتڕۆڵنەکراوی چەکدارە فەڵەستینییەکانە و نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار فەڵەستینی لەخۆگرتووە، کە زۆربەیان ئاوارەی بەشەکانی تری کەرتەکەن و بەهۆی وێرانکاریی جەنگەوە روویان تێکردووە.

ئیسڕائیل پێی وایە لە رەفەح چوار کەتیبەی چەکداریی فەڵەستینی هەن، هەر بۆیە جەخت دەکاتەوە کە بەبێ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شارە و ئازادکردنی بارمتەکان سەرکەوتن لە جەنگی غەززە بەدیناهێنن، هەروەها ئیسڕائیل بەنیازیشە دەستبگرێت بەسەر هێڵی سنوریی فیلادیفیا لەگەڵ میسر و بەوەش هیچ جۆرە سەروەرییەکی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە نەهێڵێت.

بەڵام حکومەتی قاهیرە ترسی ئەوەی هەیە هەنگاوێکی لەو جۆرە وا بکات دەیان هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەزەوە بچنە خاکی میسرەوە.

لەلایەکی ترەوە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند وڵاتێکی دیکە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو لەشکرکێشییە زەمینییە دەربڕیوە و جەخت دەکەنەوە کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە، چونکە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە پەنایان بۆ ئەم ناوچەیە بردووە.

هەرچۆنێک بێت جەنگی غەززە کە ماوەی زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەسەریدا تێپەڕی کردووە، هێشتا ئەنجامەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و تا ئێستاش زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ٧٧ هەزار کەسیش بریندار بوون، هاوکات لە لایەنی ئیسرائیلیش هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری