سەردێڕ:

کاریگەری لەباوەشگرتن لەسەر دەروونی منداڵەکەت چییە؟

PM:11:51:25/04/2024

2568 جار خوێندراوەتەوە

باوەشکردن یارمەتی دەردانی ئەو هۆرمۆنە دەدات کە پێی دەوترێت ئۆکسیتۆسین، هۆرمۆنێکە پەیوەندی بە متمانە و ئاسایش و خۆشەویستییەوە هەیە کاتێک ئەم هۆرمۆنە دەردەچێت، هەروەها هاندەری هەندێک هۆرمۆنی گەشەکردنە لە جەستەدا.


بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی "ئێکس چەینج فامیلی سێنتەر"، لەباوەشگرتنی منداڵان لەلایەن دایک و باوکانەوە بەشێوەیەکی بەردەوام، سوودێکی زۆری هەیە بۆ تەندروستی، ئەوەش روونیدەکاتەوە کە ئەم هەستە گەرمانە پەیوەندییان بە گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییە ئەرێنییەکانەوە هەیە بۆ منداڵەکانمان، هەروەها لەباوەشگرتن بە تایبەتی گرنگە بۆ منداڵەکەت لە رووی سۆزداری و هۆشیاری و جەستەییەوە، هەروەها گەشەکردنیش.

لێرەدا پێنج سوودی لەباوەشگرتنی منداڵان دەخەینە روو:

١.گەشەکردنی مێشک لە منداڵاندا، کۆرپە پێویستی بە هاندانی هەستیاری زۆر هەیە کە یارمەتیدەرە لە گەشەکردنی مێشک بەتایبەت بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکان، چونکە لە رێگەی دەست لێدانەوە درک بەجیهانی دەوروبەریان دەکەن، بۆیە بەرکەوتنی جەستەیی وەک باوەشکردن زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەکردنیان، وەک توێژینەوەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەو منداڵانەی رۆژانە زیاتر باوەش دەکەن گەشەی مێشکیان باشترە.

٢.پاراستنی تەندروستی منداڵەکەت، کاتێک منداڵان لە بەرکەوتنی جەستەیی بێبەش دەبن، جەستەیان شکست دەهێنێت لە گەیشتن بە بەربەستە چاوەروانکراوەکانی گەشەکردن و ئەمەش دەتوانێت بەشداربێت لە حاڵەتێکدا کە پێی دەوترێت شکستهێنان لە گەشەکردن، بەڵام کاتێک منداڵەکەت بە بەردەوامی لە باوەش دەگریت لەگەڵ پاراستنی خۆراکی دروست، ئەمە دەتوانێت رێگەیەکی دوور ببڕێت بۆ کردنی بە کەسێکی تەندروستتر.

٣.توڕەیی لە منداڵاندا رادەگرێت، رۆڵی باوەشکردن تەنها لە گەشەکردنی مێشکی منداڵان و گەشەکردنی جەستەیی منداڵاندا سنووردار نییە، بەڵکو پشتگیری لە گەشەکردنی سۆزدارییان دەکات، باوەشکردن کاریگەرترین رێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە توڕەیی لە منداڵاندا.

٤.ناڕەحەتی و گرژی لە منداڵاندا کۆنتڕۆڵ دەکات، لە ساتەکانی ناڕەحەتی و گرژیدا، ئەدرنالین و کۆرتیزۆڵ لە جەستە و مێشکدا دەردەچن و ئەم هۆرمۆنانە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی منداڵ بە هەمان شێوە، لە هەمان کاتدا باوەشکردن لەم کاتەدا هاندەری دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسینە، کە ئاستی هۆرمۆنەکانی سترێس کەمدەکاتەوە.

٥.یارمەتیت دەدات پەیوەندی لەگەڵ کۆرپەکەتدا دروست بکەیت، هەروەها باوەشکردن بە منداڵەکەت پەیوەندییەکی بەهێزتر لە نێوان تۆ و ئەودا دروست دەکات، بەو پێیەی متمانە باشتر دەکات، ترس کەمدەکاتەوە، پەیوەندی نێوانتان بەهێزتر دەکات ئەم سوودانە هاوبەشن، چونکە باوەشکردن و ئاڵوگۆڕکردنی سۆز و خۆشەویستیە هەم بۆ تۆ و هەم بۆ منداڵەکەت.













گەلەری